هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجومەنیی نیشتیمانیی كورد لە سووریا گوتی، ئەمڕۆ لەسەر دەستپێشخەریی هەرێمی كوردستان شاندێكی پەیوەندییەكانی ئەنەكەسە لەبارەی دۆخی كورد لە سووریا و كێشەكانی سووریا لەگەڵ نوێنەری تایبەتی سەرۆكی رووسیا كۆدەبنەوە.
ئەندامی ئەنجومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا، د. كاوە ئازیزی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، بڕیارە ئەمڕۆ لەسەر دەستپێشخەریی هەرێمی كوردستان، نوێنەری تایبەتی فلادیمێر پۆتن، سەرۆكی رووسیا، لەگەڵ شاندێكی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنەكەسە كۆببێتەوە.
ئازیزی گوتیشی: "مەبەست لەو كۆبوونەوەیە، پتەوكردنی پەیوەندییەكانی هەردوولایە، چونكە ئێمە و رووسیا پەیوەندیمان زۆر باشە، بۆیە لەو كۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی سووریا بە گشتی و كێشەكانی نێوان پەیەدە و ئەنەكەسە بە تایبەتی و پێدانی مافەكانی كورد لە سووریای تازە دەكرێت".
بڵند ئیبراهیم