پەرلەمان: تا ئێستا هیچ حاڵەتێكی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێم تۆمار نەكراوه

دوایین نوێکردنەوە 2020-01-30 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- لیژنەی كاروباری تەندروستی و ژینگە و مافی بەكاربەر لە پەرلەمانی كوردستان بە سەرپەرشتیی د. سەباح زێباری، سەرۆكی لیژنە و ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی لیژنە و ئەندامان و ڕاوێژكارانی لیژنەكە، كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دا.

لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنا كرا و جەخت لەوە كرایەوە كە وەك لیژنە بەدواداچوونیان بۆی كردووە و خۆشبەختانە تا ئێستا هیچ حاڵەتێك لە هەرێمی كوردستان تۆمار نەكراوە، بە مەبەستی خۆپاراستنی زیاتریش لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە لیژنەكە بە پێویستی زانی كە لەرێگەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانەوە داوا لە وەزارەتی تەندروستی بكرێت ڕێنمایی زیاتر بڵاو بكەنەوە بە مەبەستی هۆشیاركردنەوەی زیاتری هاووڵاتیان.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا سەرجەم ئەو نووسراوانەی ئاراستەی لیژنەكە كرابوون، خوێندرانەوە و دوای گفتوگۆی نێوان ئەندامان، كاری پێویستیان لەسەر كرا.

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەشدا باس لەڕەشنووسی كۆتایی پێشنیازەیاسای هێزی كاری تەندروستی كرا كە لە ماوەی ڕابردوودا وۆركشۆپێكیان لەسەری ئەنجام دابوو و سوودیان لە تێبینی و سەرنجی ئامادەبووان وەرگرتووە و لەناو ڕەشنووسەكەدا جێگەی بۆ دەكەنەوە.