33 ساڵ بەسەر كۆچی دوایی ئیدریس بارزانیدا تێپەڕ دەبێت

دوایین نوێکردنەوە 2020-01-30 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info-  سی و یه‌كی كانوونی دووەمی ساڵی 1987 هاوكاتە لەگەڵ 33ـیەمین ساڵڕۆژی كۆچی دوایی ئیدریس بارزانی، كە هاوڕێ و هاوسەنگەرەكانی بە ئەندازیاری هەوڵەكانی یەكڕیزیی گەلی كوردستانی دادەنێن، بەو پێیەی كاری بۆ یەكماڵیی كورد و قبوڵنەكردنی ملكەچی كردووە، هاوشێوەی ئێستا كە یەكڕیزی بە بنەمای گەیشتن بە ئامانجەكان دادەنرێت.

 دوایین رۆژی مانگی كانوونی دووەمی هەموو ساڵێك لە رۆژمێری پێشمەرگەی كوردستان و خەباتی رزگاریخوازی خەڵكی كوردستاندا، ساڵڕۆژی كۆچی دوایی پێشمەرگە و تێكۆشەری دیاری خەباتی خەڵكی كوردستان ئیدریس مستەفا بارزانییە.

ئیدریس بارزانی لە مانگی ئازاری 1944 لە ناوچەی بارزان و لە ئامێزی خێزانێكدا لە دایك بوو، كە وەك سەرچاوە مێژووییەكانی كوردستان ئاماژەیان پێكردووە: "هەر لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە ببووە ماڵی گەورەی كوردایەتی و سیمبولی نەتەوەیی و رووگەی تێكۆشەرانی كوردستان".

ئیدریس بارزانی تەمەنی گەیشتە دوو ساڵ، مستەفا بارزانیی باوكی، رووی كردە رۆژهەڵاتی كوردستان بە مەبەستی پشتیوانیكردن لە جووڵانەوەی كورد و كۆماری كوردستان لە مهاباد خەباتی دەستپێكرد.

 دوای پیلانگێڕی دژی كۆماری كوردستان و گەڕانەوەی ئەرتەشی شای ئێران بۆ كۆماری كوردستان، مستەفا بارزانی و دەیان پێشمەرگەی كوردستان روویان كردە یەكێتیی سۆڤیەتی جاران، خێزان و ژن و منداڵەكانیش بە یاوەریی شێخ ئەحمەدی بارزانی براگەورەی مستەفا بارزانی لە پێناو پاراستنی گیانی منداڵ و ژنانی كورد گەڕانەوە بۆ عێراق و ئیدریس بارزانیش كە ئەو كات تەمەنی 3 ساڵ بوو، لەگەڵ خێزانەكەیان گەڕانەوە بۆ عێراق و لە لایەن دەسەڵاتی پادشایی عێراقەوە بۆ شارەكانی باشووری وڵات راگوێزران.

لە تەمەنی شەش ساڵیدا ئیدریس بارزانی لە شاری كەربەلا بۆ یەكەمجار چووە بەرخوێندن و تا رووخانی دەسەڵاتی پادشایی لە عێراق و هاتنەسەركاری كۆماری بە رێبەرایەتی عەبدولكەریم قاسم لە 1958 دا ئیدریس بارزانی لە دیداری باوكی بێبەش بوو، بەڵام لەو ساڵەدا مستەفا بارزانی و یاوەرانی لە سۆڤیەت گەڕانەوە و دوای دابڕانێكی زۆر، ماڵباتەكەیان بە یەك شادبوونەوە.

بە گوێرەی ئەدەبیاتی پارتی دیموكراتی كوردستان، دوای گەڕانەوەی مستەفا بارزانی لە یەكێتیی سۆڤیەت و سەرهەڵدانی شۆڕشی ئەیلوول لە 1961دا، ئیدریس بارزانی لە دەستە یەكەمەكانی ئەو پێشمەرگانە بوو، كە پەیوەندییان بە ریزی شۆڕشەوە كرد و چەكی تێكۆشانی كردە شان و شانبەشانی پێشمەرگە بەشداری لە داستان و سەركەوتنەكانی شۆڕشدا كرد.

دوای 9 ساڵ پێشمەرگایەتی و بەشداری لە شۆڕشی ئەیلوولدا، لە مانگی حوزەیرانی 1970 لە كۆنگرەی هەشتەمی پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە ناوچەی ناوپردانی ناحیەی گەڵاڵە ئەنجام درا، بۆ یەكەمجار ئیدریس بارزانی كرایە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان.

لەگەڵ دەستپێكردنی پڕۆژەی ئاشتی و دانوستان لە نێوان شۆڕش و دەسەڵاتدارانی بەغدا، ئیدریس بارزانی بە یاوەریی مەسعوود بارزانی برای، لە دەستەی شاندی دانوستانی شۆڕش بوون كە هەریەك لە شەهیدان ساڵح یوسفی و دارا تۆفیق و سامی عەبدولڕەحمان و نافز جەلال و مەحموود عوسمان بوون، لە بەغدا كەوتنە شەڕی سیاسی و دیپلۆماسی بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین ماف و داخوازیی شۆڕش و سەرەنجام بە سەرپەرشتیی مستەفا بارزانی مافی ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستانی عێراق بەدەست هات و رێككەوتنەكە چوار ساڵی پڕ لە خۆشی و بووژاندنەوەی لە عێراق هێنایە دی و تا سەرەنجام دەسەڵاتدارانی بەعس لە بەغدا كەوتنەوە دژایەتیی كورد و سەركردایەتییەكەی و بۆ ئەو مەبەستەش رێككەوتنی جەزائیریان لەگەڵ شای ئێران محەممەد رەزا شای پەهلەوی واژۆ كرد و شۆڕشی كوردستانیان تووشی نسكۆ كرد.

بە هۆی نسكۆی شۆڕشەوە، ئیدریس بارزانی بە یاوەری كەسوكار و ماڵبات و بەشێك لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئاوارەی ئێران بوون.

هەر بە گوێرەی ئەدەبیاتی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە سەروبەندی نسكۆی شۆڕشدا ئیدریس بارزانی بە یاوەری مەسعوود بارزانی، هەرزوو هەوڵەكانی خستەوە گەڕ بۆ بنیاتنانەوەی ژێرخانی رێكخستنی پارتی دیموكراتی كوردستان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان و دەستی بە چالاكی كردەوە.

لە 1979 گۆڕانكاری گەورە بەسەر نەخشە و هاوسەنگیی هێز لە ناوچەكەدا هات و لە ئێران كۆماری ئیسلامیی ئێران دامەزرا و دەسەڵاتی شای ئێران رووخێندرا و لە عێراقیش بەعس زیاتر پێگەی خۆی لە دەسەڵات قایم كردبوو، پرۆسەی راگواستنی گوندەكانی سنووری بە قوڵایی 30 كیلۆمەتر تەواو كردبوو، دانیشتووانی گوندەكانی راپێچی كۆمەڵگە زۆرەملێكان كردبوو، هاوكات هێزە عێراقییەكان و هێزە كوردستانییەكان لە ناوخۆدا دابەش ببوون.

لەو سەروبەندەدا شەڕی عێراق و ئێران هەڵگیرسا و حكوومەتی بەعس دەیویست لە رێگەی دروستكردنی ناكۆكی لە نێوان لایەنە كوردستانییەكان وزە و توانای لایەنەكان بە هەدەر بڕوات و بە هۆی ناكۆكیی سیاسییەوە شەڕی ناوخۆ لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستان رووی دا و ئەو رووداوانە كاریگەریی گەورەیان لەسەر رەوشی سیاسیی كوردستان و بەرهەمی خەباتە چەكدارییەكەی دروست كردبوو، هەر ئەوەش وای كرد، ئیدریس بارزانی لە پێناو هێنانەدیی ئاشتەوایی و یەكخستنی ناو ماڵی جووڵانەوەی رزگاریخوازی كوردستان دەستپێشخەری بكات.

لەسەر بنەمای ئەو دەستپێشخەرییە لە كۆتایی 1986دا بناغەی بەرەی كوردستانی دانرا و لە مانگی حوزەیرانی 1988دا وەك هێزێكی نوێ لەسەر گۆڕەپانی سیاسی كوردستان بەرەی كوردستانی راگەیەندرا.

ئیدریس بارزانی لە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی نەتەوەییدا، بە ئەندازیاری ئاشتەوایی نیشتمانی ناو دەبرێت و هاوكات لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقیدا و لە ناو بەرهەڵستكارانی عێراقدا بە كەسایەتییەكی دیار و كاریگەر هەژمار دەكرا و لە كۆنگرەی بەرهەڵستكارانی عێراقی كە لە تاران ساز كرا، بانگەوازی بۆ یەكخستنی توانای بەرهەڵستكاران بۆ بەرەنگاربوونەوەی رژێمی بەعس خستەڕوو.

لە ئاستی دیپلۆماسیدا ئیدریس بارزانی ئەزموونێكی ناوازەی هەبوو، بە تایبەتی لە بواری بەدیهێنانی ئاشتەوایی نیشتیمانی و یەكخستنی گوتاری پارت و لایەنە بەرهەڵستكارەكانی عێراق.

لە 31ی كانوونی دووەمی ساڵی 1987دا ئیدریس بارزانی بە هۆی نەخۆشییەكی كتوپڕەوە كۆچی دوایی كرد و بە لەدەستدانیشی جووڵانەوەی سیاسی و خەباتی رزگاریخوازی كوردستان كەسایەتییەكی كاریگەر و سەركردەیەكی دیار و بەئەزموون و یەكێك لە سەرخەرانی پڕۆژەی ئاشتەوایی و بەیەكەوەژیان و یەكخستنی تواناكانی لە دەست دا و لە گوندی هەلەجی دەڤەری مەرگەوەڕی سەر بە پارێزگای ورمێ بە خاك سپێردرا.

دوای راپەڕینی ئازاری 1991 و رزگاركردنی بەشێكی زۆری خاكی كوردستان لە 6ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1993 تەرمی هەریەك لە مستەفا بارزانی رابەری بزووتنەوەی نەتەوەیی و شۆڕشی ئەیلوول و ئیدریس بارزانی سەركردەی دیاری بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان، لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوە بە مەراسیمی جەماوەری بەرفراوان هێنرانەوە هەرێمی كوردستان و لە شوێنی لەدایكبوونیان و لە ناوچەی بارزان ئەسپاردەی خاك كرانەوە.