KDP ورده‌كاریی هه‌وڵه‌ دیپلۆماسییه‌كان له‌باره‌ی پرسی ڕۆژئاوای کوردستانەوە بڵاو ده‌كاته‌وه‌

دوایین نوێکردنەوە 2020-01-30 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info - تادێت هه‌وڵه‌كان له‌سه‌ر گه‌یشتنی ده‌رئه‌نجامێكی دروست بۆ پرسی ڕۆژئاوای كوردستان چڕ ده‌بێته‌وه‌ و سه‌ركردایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كورد له‌ سووریا ڕۆڵێكی به‌هێز ده‌بینێت له‌ دارشتنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ڕۆژئاوا و گفتوگۆكان له‌باره‌ی چاره‌نووسی سووریاوه‌.

له‌ ماوه‌ی چوار مانگی ڕابردوودا شاندی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كورد له ‌سووریا (ئه‌نه‌كه‌سه‌) له‌گه‌ڵ نوێنه‌رایه‌تیی ئه‌مه‌ریكا بۆ پرسی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كۆبوونه‌وه‌ی كردووه‌ و جارێكیش له‌گه‌ڵ تیمی نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووەکان‌ و ڕێكخراوه‌ جیهانییه‌كان، ئه‌مڕۆش كۆمیته‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌یان له‌گه‌ڵ میخاییل بوگدانۆف, نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆكی ڕووسیا بۆ كاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌فه‌ریقا كۆ بووه‌ته‌وه. كامه‌ران حاجۆ، سه‌رۆكی كۆمیته‌ی په‌یوە‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی (ئه‌نه‌كه‌سه‌) و سه‌رۆكی ئه‌و شانده‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ ڕووسیا كۆ بوونه‌ته‌وه‌، له‌باره‌ی ناوه‌رۆكی گفتوگۆكه‌یانەوە بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "كۆبوونه‌وه‌یه‌كی زۆر باش بوو له‌ چوارچێوه‌ی گفتوگۆكاندا باسی دۆخی سیاسی و گۆڕانكاریی ناوچه‌كه‌ كرا، ڕووسیا ته‌واوی پشتیوانیی خۆی بۆ كورد و پێكهاته‌كان له‌ چوارچێوه‌ی سووریادا دەربڕیوە.'

كامه‌ران حاجۆ گوتیشی: "به ‌هیچ شێوه‌یه‌ك داوامان لێ نه‌كراوه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ڕژێمی سووریا بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌ش گرنگه‌ كه‌ ئێمه‌ جه‌ختمان له‌ پاراستنی مافی كورد كردووه‌ته‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی گۆڕانكارییه‌كان و مافی پێكهاته‌كاندا".

داواكاریی (ئه‌نه‌كه‌سه‌) له‌ چوارچێوه‌ی سووریادا خۆی له‌ پاكێجێكدا ده‌بینێته‌وه،‌ ئه‌و پاكێجه‌ وه‌ك هێڵی گشتی دانراوه‌ و كاریان له‌سه‌ر کردووە و بۆ هه‌ر گفتوگۆ و پرسێكی جیاواز ئه‌و داواكارییانه‌ ده‌خرێته ڕوو. به‌پێی قسه‌ی نه‌واف ڕه‌شید، سه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تیی (ئه‌نه‌كه‌سه‌) له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان داواكارییه‌كانیان بریتین له‌م خاڵانه:

یه‌كه‌م: فیدراڵیه‌ت بۆ سووریا و چه‌سپاندنی سیسته‌می فیدراڵی.

دووه‌م: یه‌كڕیزیی گه‌لی كوردستان له‌ ڕۆژئاوای كوردستان.

سێییه‌م: ڕێكخستنه‌وه‌ و یه‌كخستنه‌وه‌ی ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری و ئیداره‌دانی ڕۆژئاوای كوردستان به ‌شێوه‌یه‌كی نوێ.

چواره‌م: سه‌رجه‌م مافه‌كانی گه‌لی كورد بدرێت له‌ چوارچێوه‌ی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری سووریادا.

پێنجه‌م: به‌رده‌وامیدان به‌ گفتوگۆكانی ئۆپۆزسیۆن له‌پێناوی ناچاركردنی ڕژێمی سووریا بۆ دداننان به‌ مافی كورددا.

شه‌شه‌م: دووباره‌ ڕێكخستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌.

نه‌واف ڕه‌شید ئه‌وه‌یشی خسته‌ ڕوو: 'ئه‌نه‌كه‌سه‌ درێژه‌ به‌ گفتوگۆكانی ده‌دات له‌گه‌ڵ وڵاتانی جیهان بۆ گه‌یشتن به ‌ده‌رئه‌نجامی باش دەدات و له‌و بارەیە‌شه‌وه‌ گه‌شبینین، كه‌ خاڵه‌كانی پاكێجه‌كەمان وه‌ك ده‌رچه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ری گرفته‌كان قبووڵ بكرێت."

له‌دوای كاردانه‌وه‌ی توركیا به‌رانبه‌ر به‌ ئیداره‌ی ڕۆژئاوا له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ سه‌ركرده‌كانی هه‌سه‌ده‌ ڕایده‌گه‌یه‌نن كه‌ ئاماده‌ن له‌گه‌ڵ نوێنه‌رایه‌تیی ئه‌نه‌كه‌سه‌ كۆبوونه‌وه‌ بكه‌ن. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش چه‌ند كۆوبونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام دراوه‌، وه‌ك نه‌واف ڕه‌شید ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ كۆبوونه‌وه‌كان ڕێككه‌وتنیان پێ واژۆ نه‌كراوه‌ به‌ڵكو پرسێكی ڕاوێژی بووه‌ بۆ داهاتووی ڕۆژئاوای كوردستان.

ئێستا گه‌وره‌ترین گرفتی سووریا نه‌بوونی گفتوگۆی ڕاسته‌وخۆی نێوان ڕژێم و ئۆپۆزسیۆنه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش گرفته‌كه‌ی گه‌وره‌ كردووه،‌ چه‌ند جارێك ده‌سته‌ی ئۆپۆزسیۆن ڕایانگه‌یاندووه‌ كه‌ سووریا نایه‌وێت گرفته‌كان چاره‌سه‌ر بكات، هه‌ریه‌كه‌ له‌ ڕووسیا و ئه‌مه‌ریكاش به‌جیا ده‌یانه‌وێت ئه‌م پرسه‌ به‌ره‌و چاره‌سه‌ر ببه‌ن.

کارزان هەورامی