پارێزگار و سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی لەبارەی كێشەی پرۆژەوە وەڵامی ئەنجومەنی پارێزگا نادەنەوە

دوا نوێکردنەوە: 2019-12-08 00:00:00 - سەرچاوە: باسنیوز


ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند كە لەسەر دەست نەکردن بە پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری، دوو جار بانگھێشتی پارێزگار و سەرۆکی شارەوانیی سلێمانییان کردووە، بەڵام بەدەمیانەوە نەھاتوون.


ڕەمەزان نامیق ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا وەک لیژنەی پلان و پڕۆژەکانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تایبەت بە بابەتێکی گرنگی وەک ڕووخاندنی سایلۆی کۆنی سلێمانی و دروست نەکردنی پڕۆژەی داون تاون، دوو جار بانگھێشتنامەیان بۆ پارێزگار و سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی ناردووە، کە ئامادەی دانیشتنی لیژنەکیان بن و ھۆکاری دەست نەکردن بەو پڕۆژەیە ڕوون بکەنەوە.


گوتیشی ئەو دوو لایەنەی پەیوەندیدار ھیچ یەکێک لەو دوو جارە بەدەم میوانداریەکەیانەوە نەچوون و ئامادە نەبوون، تا ئێستەش ھۆکاری ئامادەنەبوونەکەیان ڕوون نەکردووەتەوە.


ئەم ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕوونیشی کردەوە کە ناکرێت فەرمانگەیەکی فەرمی بانگھێشتنامە بۆ لایەنێکی پەیوەندیدار بنێرێت، وەڵامی نەدرێتەوە، بە تایبەت کە دووری نێوان بینای ئەنجومەن و بینای پارێزگار تەنھا دیوارێکی بیست سانتیمەتریە.


نزیکەی دوو ساڵ پێش ئێستە سایلۆی سلێمانی تەقێندرایەوە و بڕیار بوو لە شوێنەکەی کە ٢٦ دۆنم زەوییە، پڕۆژەی گەشتیاری و نیشتەجێبوون و بازرگانی دروست بکرێت، بەڵام تا ئێستە دەستی پێنەکردووە.