سەرۆكی حكوومەت بەشداریی رێوڕەسمی یادكردنەوەی كارەساتی یەكی شوباتی كرد

دوایین نوێکردنەوە 2020-02-01 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەشداریی رێوڕەسمی 16 ساڵەی كارەساتی یەكی شوباتی لە هەولێر كرد.

لە رێوڕەسمەكەدا هەریەك لە جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، وەزیری ناوخۆ،  پارێزگاری هەولێر و وەزیری شەهیدان ئامادە بوون و تاجەگوڵینە لەسەر مۆنۆمێنتی شەهیدانی یەكی شوبات دادەنێن.

لە ڕۆژێكی وەك ئەمڕۆدا یەكی شوباتی ساڵی 2004، لە كارەساتێكی گەورەدا زیاتر لە 101 كەس لە دوو تەقینەوەی تیرۆریستیی لەناو لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەڵبەندی‌ سێی یەكێتی لە هەولێر شەهید بوون. لەو رووداوەدا ژمارەیەكی زۆر لە سەركردە و كادری هەردوو حزب و دەیان پێشمەرگە و خەڵكی‌ سڤیل بوونە قوربانی دەستی تیرۆریستان.

كردەوە تیرۆریستییەكە بە كارەساتترین ڕووداوی هەرێمی كوردستان لە قەڵەم درا كە لەلایەن ڕێكخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدە ئەنجام درا.

پەلامارەكەی یەكی شوبات لە كاتێكدا بوو كە پارتی و یەكێتی پاش پرۆسەی ئازادی عێراق و یەكگرتنەوەی هەردوو ئیدارەی هەرێمیان دەست پێ كردبوو، لاپەڕەیەكی نوێیان لە ڕێكخستنی پێوەندییەكانیان و چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی حكوومەتی هەرێم و مامەڵەكردنیان لەگەڵ عێراقی نوێدا هەڵدابووەوە.

كارەساتەكە لە یەكەم ڕۆژی جەژنی قورباندا رووی دا و لەكاتی  پێشوازیی میواناندا بوو.