هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ مۆڵەتی سەرۆككۆماری عێراق بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆكوەزیران كۆتایی دێت و بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتیش دەڵێ، ھەرچەندە لە ئێستادا ئێمە لەگەڵ ھەڵبژاردنی پێشوەختەدا نین، بەڵام ئەگەر بكرێت پابەند دەبین.
خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دەمێكە داوای ھەڵبژاردنی پێشوەخت دەكرێت لە عێراق، كە جگە لە مەرجەعی شیعەكانی عێراق، ئەمەریكاییەكان و نەتەوە یەكگرتووەكانیش داوای ھەڵبژارنی پێشوەختەیان بۆ عێراق دەكرد، چەندین جارە بابەتی ھەڵبژاردنی پێشوەختە دەورووژێندرێت لە عێراق، بەڵام تا ئێستا ھیچ بڕیارێك نییە بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پێشوەختە".
بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی گوتیشی: "ئەمڕۆ دوا مۆڵەتە بۆ سەرۆككۆماری عێراق بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆكوەزیران".
پەیوەست بە ھەڵوێستی پارتیش، خەسرۆ گۆران ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ئێمە بەشێكین لە پەرلەمانی عێراق و ئەگەر بڕیاری ھەڵبژاردنی پێشوەختە بدرێت، ئەوا ھەموو لایەنەكان ملكەچی جێبەجێكردنی دەبن، بەڵام وەكو پارتی لەگەڵ ئەوەدا نین ھەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوە بچێت، بەڵام ئەگەر بڕیاریشی لەسەر بدرێت، جێبەجێی دەكەین".
گۆران جەختی كردەوە: "ھەڵبژاردنی رابردووی عێراق لە ھەرێمی كوردستان ھیچ كێشەی نەبووە، بەڵام ئەگەر لە ناوچەی دیكەی عێراق كێشەی ھەیە، پەیوەندی بە ئێمەوە نییە وەك ھەرێمی كوردستان، تا ئێستاش دیار نییە خۆپیشاندەران رازی دەبن بە حكوومەتی نوێ یانیش جیددین لەسەر ھەڵبژاردنی پێشوەختە، وەلێ ئەولەوییەت بۆ پێكھێنانی حكوومەتێكی نوێ ئەوەیە، كاندیدەكەی سەر بە ھیچ لایەنێكی سیاسی نەبێت، ئەگەر ئەوە نەكرا، دواتر بڕیار دەدرێت چی بكرێت بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكە".
قائید میرۆ