دزەیی: سەرۆكی حكوومەت دڵنیایی دا كە واستە نامێنێت

دوایین نوێکردنەوە 2020-02-01 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سەدان پڕۆژە رابگەیەنێت، بەرپرسێكی یەكێتیی بەڵێندەرانیش گەشبینە بەوەی پڕۆسەی ئاوەدانی بە شێوەیەكی فراوان دەست پێبكاتەوە و دەشڵێ، پڕۆژەكان بە یەكسانی دابەش دەكرێن.

سەرۆ دزەیی، بەرپرسی لقی ھەولێری یەكێتیی بەڵێندەرانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە كۆبوونەوەی نێوان بەڵێندەران و وەبەرھێنەران و حكوومەتدا، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رۆڵی كەرتی تایبەتی بە گرنگ وەسف كرد بۆ بەرەوپێشبردنی ئابووریی ھەرێمی كوردستان و ئەوەیشی پێ ڕاگەیاندین كە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە ئایندەیەكی نزیكدا ھەزار پڕۆژەكەی رادەگەیەنێت".

ئەو بەرپرسەی بەڵێندەران دەشڵێت: "سەرۆكی حکوومەتی ھەرێمی كوردستان دڵنیایی دایە بەڵێندەران و وەبەرھێنەران، كە ئیدی واستە نامێنێت لە پێدانی پڕۆژەكان و حكوومەت خۆی ھاوكاریان دەبێت لە دابەشكردنی پڕۆژەكان بە شێوەیەكی یەكسان".

دزەیی روونیشی كردەوە: "ئومێدێكی زۆر ھەیە لەگەڵ دەستپێكردنەوەی پڕۆژەكاندا، ھەلی كار لە ھەرێمی كوردستان بۆ ھەزاران كەس بڕەخسێت و لەمەودوا حكوومەت خۆی پڕۆژە ئامادە دەكات و پێویست ناكات بەڵێندەری پڕۆژەكە مامەڵە بكات بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی جێبەجێكردنی پڕۆژە، ئەوەش ھاوكاری و كارئاسانییەكی باشە بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكان".

 

قائید میرۆ