هەرێمی كوردستان كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش ئاگادار دەكاتەوە

دوا نوێکردنەوە: 2019-12-08 00:00:00 - سەرچاوە: باسنیوز


ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە وتەیەكدا، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش ئاگادار كردەوە.


سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە میانی بەشداریكردنی لە مەراسیمی ڕۆژی نیشتمانیی رۆمانیا لە هەولێر، وتەیەكی بە زمانی ئینگلیزی پێشكەش كرد و تیایدا داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد ڕێگری لە سەرهەڵدانەوەی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش بكەن.


دزەیی لە میانی وتارەكەیدا ئاماژەی بەوە دا كە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوام بێت لە یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، لەلایەكی تریشەوە رایگەیاند كە هەولێر لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی جیهاندا.


جێی باسە ماوەی چەند ڕۆژێكە چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش لە ناوچەكانی سنووری هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستیان بە جموجۆڵ و هێرشی تیرۆریستی كردووەتەوە.