هەڵەبجە-KDP.info- وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئامانجیانە كەرتی تەندروستیی هەڵەبجە بەرەو پێشەوە بەرن، بۆ ئەوەش ئامادەی جێبەجێكردنی تەواوی داواكاری و پلانەكانی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی پارێزگاكەن. دەشڵێ، كێشەی نەخۆشخانەی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی لە هەڵەبجە، بەرەو كۆتایی دەچێت.
د. سامان بەرزنجی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە كاتی چوونم بۆ پارێزگای هەڵەبجە، سەردانی نەخۆشخانەی بەركەوتووانی چەكی كیمیاییم كرد، كێشە هەبوو لە نێوان لیژنەی ئەندازیاریی نەخۆشخانەكە و كۆمپانیای جێبەجێكار، بۆیە بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگار و بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەڵەبجە و دوای قسەكردن لەگەڵ كۆمپانیاكە بۆ چارەكردنی ئەو گرفتانەی هەن، ئێستا كێشەكانی نەخۆشخانەكە بەرەو كۆتایی دەچن".
نەخۆشخانەی چەكی كیمیایی هەڵەبجە كراوەتەوە و نەخۆشی تێدا دەبیندرێت، لەگەڵ تەواو بوونی كێشەكانیشی، بە تەواوەتی دەكەوێتە كار بۆ چارەسهركردنی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی تەواوی كوردستان، نەخۆشخانەكەش پزیشكی پسپۆڕی تێدایە، بەڵام ئەوەی هەیە رەنگە لە ڕووی ژمارە و پزیشكەوە لە هەموو پسپۆڕییەكانی نەبێت، بۆیە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سلێمانیمان ڕاسپاردووە درێخی نەكات لە ناردنی پزشكی پسپۆڕ بۆ پارێزگای هەڵەبجە". سامان بەرزنجی وای گوت.
وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، لە ستراتیژی وەزارەتی تەندروستیدایە پزیشكی پسپۆڕ بۆ هەڵەبجە دابین بكات لەگەڵ جێبەجێكردنی تەواوی ئەو داواكاری و پێداویستییانەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە داوای دەكەن، تاوەكو بتوانین كەرتی تەندروستی لە پارێزگاكە بەرەو پێشەوە بەرین".
عەزیز ڕەسووڵ