پەرلەمان: ئەنجومەنی وەزیران هاتە سەر هێڵ، ئەمڕۆ هاتنی غاز ئاسایی دەبێتەوە

دوایین نوێکردنەوە 2020-02-02 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان گوتی، دوای ئەوەی كێشە بۆ كۆمپانیای نوێی دابینكردنی غاز لە سنووری سلێمانی دروست كرا، ئەنجومەنی وەزیران هاتە سەر هێڵ و بەڵێن دراوە ئەمڕۆ كێشەكە بە تەواوی چارەسەر بكرێت، چونكە رێگری دەكرا ئەو كۆمپانیایە غاز دابین بكات.

جیهاد حەسەن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "ئەو غازەی لە كوردستان هەیە، بە دووقات بەشی هەرێمی كوردستان دەكات، بەڵام هەندێك كەس ئەو پرسەیان قۆستووەتەوە و ئەو كۆمپانیایەی نوێ كە غاز دابین دەكات لە سنووری سلێمانی، رێگری لێ دەكرێت غاز بۆ هەولێر هاوردە بكات و تەعدایان لێ كردبوو، بەڵام ئەنجومەنی وەزیران و لیژنەی ئێمەش هاتە سەر خەت و توانرا كە ئەو پرسە چارەسەر بكرێت و ئەمڕۆ ئێوارە هاتنی غاز ئاسایی دەبێتەوە".

حەسەن گوتیشی، شەوی ڕابردوو تا سەعات یەكی شەو هەمووان لەسەر خەت بوون و ئیدارەی هەولێر و سلێمانی بەڵێنیان داوە، كە ئەو كێشەیە چارەسەر بكەن و هاتنی غاز ئاسایی بێت و چیتر رێگریی لێ نەكرێت، چونكە ناكرێت نرخی غاز بەو شێوەیە گران بێـت.

 

بڵند ئیبراهیم