دهۆک-KDP.info -دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بازاڕی قوماشفرۆشانی دھۆک گڕی گرت و ژمارەیەک دووکان سووتان، پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێ، داواکاریی خاوەنی دووکانەکان بۆ قەرەبووکردنەوە دەگەیەننە سەرۆکایەتیی حکوومەت.
ژیان تاھر، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەھۆی سووتانی بازاڕی دھۆکەوە زیانی زیاتر لە یەک ملیار دینار بەر دووکانداران و بینای بازاڕەکە کەوتووە، ژمارەیەک نوێنەری دووکاندارەکان ھاتوونەتە نووسینگەی دھۆکی پەرلەمانی کوردستان ژمارەیەک داواکارییان ھەیە، ئێمە ئەوەی لە دەستمان دێ ھاوکاریان دەبین، لەو باوەڕەداین حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش درێغی ناکات لە ھاوکاریکردنیان."
پەرلەمانتارەکەی پارتی دەشڵێت: "ئێمە لە ئیدارەی خۆجێی دھۆک سەردانی لایەنی پەیوەندیدارمان کردووە، بازاڕەکە و دووکانەکانیش لەلایەن حکوومەتەوە پاک کراونەتەوە، کە ئەویش ھاوکارییەکی باشە، ئیدارەی دھۆک بەپێی توانا ھاوکاریان دەبێت، بەڵام بۆ قەرەبووکردنەوە لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیراندایە بە پارە قەرەبووی زیانەکانیان بکاتەوە، ئێمەیش داواکاریی زیانلێکەوتوانی بازاڕەکە دەگەیەنین بە حکوومەت."
پەیوەست بە قەرەبووکردنەوەی چوار ساڵ پێش ئێستا، ژیان تاھر گوتی: "ئەوانەی ساڵی ٢٠١٣ دووکانەکانیان سووتابوو، ڕاستە بەھۆی ھاتنی قەیرانی داراییەوە بە پارە قەرەبوو نەکراونەتەوە، بەڵام حکوومەت بەپێی توانا ھاوکاریان بووە و لەو کاتەوە کرێی دووکانەکانی لێ وەرنەگرتوون."
قائید میرۆ