سەرۆكی ھەرێم پڕۆژەیاسای تاپۆكردنی خانووە زێدەڕۆكانی رەت نەكردووەتەوە

دوایین نوێکردنەوە 2019-12-01 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی ھەرێمی كوردستان پڕۆژەیاسای تاپۆكردنی خانووە زێدەڕۆكانی واژۆ نەكرد و بۆ پەرلەمانی گەڕاندەوە. ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستانیش رەتی دەكاتەوە، كە سەرۆكی ھەرێم رەتی ئەم پڕۆژەیاسایەی كردبێتەوە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، یاسای تاپۆكردنی خانووە زێدەڕۆكانی واژۆ نەكرد و بۆ پەرلەمانی كوردستانی گەڕاندەوە. لەو بارەیەوە، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی، ھێڤیدار ئەحمەد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، كە سەرۆكی ھەرێمی كوردستان تێبینیی لەسەر چەند خاڵێك ھەبووە و گەڕاندوویەتیەوە بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان، پەرلەمانی كوردستانیش لەم ھەفتەیەدا كۆدەبێتەوە و دەیخاتە بەرنامەی كارەوە، دوای پەسندكردنیشی، بۆ سەرۆكی ھەرێم دەنێردرێتەوە و سەرۆكی ھەرێمیش واژۆ لەسەر پڕۆژەیاساكە دەكات.

ئەو پەرلەمانتارە جەخت لەوە دەكاتەوە، كە دەستكاریی پڕۆژەیاساكە ناكرێت و تەنھا سەرۆكی ھەرێم چەند تێبینییەكی ھەبووە، ئەوەشی بڵاو كراوەتەوە كە سەرۆكی ھەرێم رەتی ئەم پڕۆژەیاسایەی كردبێتەوە، دوورە لە راستییەوە، بۆیە پەرلەمانی كوردستانیش پێداچوونەوە بەو تێبینیانەی سەرۆكی ھەرێم دەكات، ئەو خانووانەشی لە پێش ١٣ی٣ی٢٠١٨ تەجاوزن و لەسەر زەویی حكوومەت بوون، تاپۆ دەكرێن و لە دوای ئەو بەروارە تاپۆ ناكرێن.

ناوبراو، دڵنیاییش دەداتە ھاووڵاتیان كە ئەو تێبینیانە كێشەیەكی وا دروست ناكات، ھیچ گۆڕانكارییەكیش لە پڕۆژەیاساكەدا ناكرێت، چونكە سەرۆكی ھەرێمی كوردستان ئەمەی بە ئێمە راگەیاندووە، كە لەگەڵ ئەو پڕۆژەیاسایەیە و پاڵپشتیی تەواوی دەكات،‌ ھاوكاتیش زۆرترین خەڵكی كەمدەرامەت سوودمەندی ئەو پڕۆژەیاسایە دەبن.

 

ھەڵكەوت محەمەد