هەولێر-KDP.info- باڵیۆزی نوێی سوید لە عێراق، لە دیداریدا لەگەڵ بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند كە وڵاتەكەی لە پشتگیری و هاوكارییە مرۆیی و سەربازییەكان و گەشەپێدانی ئابووریی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت.
بە بۆنەی دەستبەكاربوونی وەك باڵیۆزی نوێی شاهانەئی سوید لە عێراق و بۆ ئاشنابوون بە دۆخی هەرێمی كوردستان و پێشكەوتنەكانی هەرێم لە ڕووی سەقامگیری و ئاشتی و پێكەوەژیان و گەشەپێدان و دیموكراسی لە هەرێم و فراوانكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان وڵاتی شاهانەی سوید و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان، باڵیۆز لارش ڕۆنۆس، بە هاوڕێیەتیی بۆتان ساڵح، بەڕێوەبەری كارگێڕی و یاریدەدەری كۆنسووڵ لە نووسینگەی باڵیۆزخانەی سوید، لە یەكەم سەردانیدا بۆ هەولێری پایتەخت، سەردانی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستانیان كرد و لە لایەن هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەب و ژمارەیەك لە ستافی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) بە گەرمی پێشوازییان لێ كرا.
هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەب، پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە باڵیۆزی نوێی سوید لە عێراق كرد و هەموو هاوكاری و هەماهەنگییەكی پێویستی پارتی دیموكراتی كوردستانیشی پێشان دا بۆ سەرخستنی پڕۆژە و چالاكییەكانی باڵیۆزخانە و مەكتەبی باڵیۆزخانەی وڵاتی شاهانەی سوید لە هەرێمی كوردستان بۆ برەودان بە پەیوەندییەكانی سویدی – كوردی، كە لە رێگەی پڕۆژەكانیان لە بوارە جیاجیاكاندا، خزمەتی پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان و گەشەپێدانی دامەزراوەكانی دیموكراسیی هەرێم دەكات.
لە لایەكی ترەوە، سوپاس و ستایشی وڵاتی شاهانەی سوید كرا كە لە رێگەی رێكخراوەكانی خێرخوازی و ناحكوومییەوە لە ساڵانی (٩٠) ی سەدەی ڕابردووەوە ڕێكخراوەكانی سوید لە هەرێمی كوردستان چالاكییەكانیان بەردەوام بووە و لە ساتەوەختە هەستیارەكانیشدا لە هەرێم ماونەتەوە كە ئەمڕۆ پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتی شاهانەی سوید و هەرێمی كوردستان لە بواری گەشەپێدانی ئابووری و سیاسی و مرۆیی و سەربازی گەیشتووەتە ئاستێكی پێشكەتووتر كە لە ڕابردوو دا بناغەی ئەم پەیوەندیانە داڕێژراوە و بە هۆی چالاكی و خۆگونجاندانی ڕەوەندی كوردستانی لە سوید لەگەڵ كۆمەڵگای سویدیدا، ئەم پەیوەندییانە بەردەوام گەشەپێدانی خێرایان بەخۆیەوە بینیوە.
لە لایەكی تریشەوە، سوپاسی هاوكارییە بەردەوامەكانی وڵاتی سوید و وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە شەڕی تیرۆر بۆ بنبڕكردنی مەترسییەكانی تیرۆریستیی رێكخراوی داعش كرا و هیوای خواست كە سەرەڕای گرژییەكانی ئەم دواییە لە عێراق و ململانێی سیاسی و سەربازی لە نێوان وڵایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و ئێران و بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ كۆتاییهێنان بە ئەركی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شەڕی تیرۆر و بەردەوامیی خۆپێشاندان و ئاڵۆزییەكان لە شارەكانی شیعەنشین و سەرهەڵدانی توندوتیژی و پێشێلكارییەكانی دەستوور و مافەكانی مرۆڤ و ئازادییەكانی خۆپێشاندان كە بە هۆیەوە دۆخی ئەمنی و حوكمڕانی لە عێراق ڕووبەڕووی مەترسی بۆتەوە، خزمەت بە سەقامگیری لە عێراقدا ناكات.
بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) هیوای خواست هاوكارییەكانی ڕێكخراوەكانی مرۆیی و ناحكوومی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ خەڵكی ئاوارە و ناوچە زیانلێكەوتووەكانی شەڕی داعش بەردەوام بێت. ئەو هەروەها جەخت لە بەردەوامیدان بە پشتگیری و مەشق و ڕاهێنانی سەربازی سویدی و هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شەڕی تیرۆر دەكاتەوە كە بۆ هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و هێنانەدیی ئاشتی و سەقامگیری پێویستە بەردەوام بێت و ئاماژەیان بە دیدگای هەرێمی كوردستان داسەبارەت بەو دۆخەی كە ئێستا عێراق و ناوچەكە پێیدا تێپەڕ دەبێت و گوتیشی، ئێمە لەگەڵ كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانی نیودەوڵەتی لە شەڕی تیرۆردا نین كە هێشتا مەترسییەكانی سەرهەڵدانەوە و توندوتیژیی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش لەسەر خەڵكی سڤیل و ناوچەكە ماوە و پارتی دیموكراتی كوردستان خوازیاری جێبەجێكردنی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان و هەروەها دەستوبردكردنە لە دەستنیشانكردنی سەڕۆكوەزیرانێك بۆ عێراق لە چوارچێوەی دەستووردا، كە سەرجەم پێكهاتەكانی عێراق و پارتە سیاسییەكان و خۆپێشاندەرانی ناڕازیی عێراقی پێی ڕازی بن بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری و بنیادنانی حوكمڕانییەكی تەندروست و بنبڕكردنی گەندەڵی و كاركردن بۆ چاكسازی لە هەموو بوارەكاندا، كە گەلانی عێراق لەسەری كۆك بن و بە تایبەتی داخوازییە ڕەواكانی خۆپێشاندەرانی عێراقی جێبەجێ بكات كە لە هەرێمی كوردستان پێمان وایە گەلانی عێراق شایستەی گوزەران و ژیانێكی باشترن.
لە تەوەرێكی تری دیدارەكەشدا، دواپێشهاتەكانی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی خرانە بەر باس و دۆخی ناوخۆیی عێراق و شەڕ و ئاڵۆزییەكان لە سووریا و ڕۆژئاوای كوردستان و دواگرژییەكانی سیاسی و سەربازیی نێوان ئەمەریكا و ئێران لە عێراق و ناوچەكەدا و هەڵوێست و سیاسەتی دەرەوەی سوید لە كاتی سەرهەڵدانی شەڕ و گرژییەكانی ناوچەكە و دیدگای پارتی دیموكراتی كوردستان و هەرێمی كوردستان لەسەر هێوركردنەوەی گرژییەكان بە رێگای دیالۆگی سیاسی و ئاشتیانە لەگەڵ شاندی سویدی بە فراوانی تاووتوێ كران.
بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) هەروا هاوخەمیی خۆی بۆ گەل و حكوومەتی سوید خستە روو كە پێش ماوەیەك لە ئەنجامی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی مەدەنی هێڵی ئاسمانیی ئۆكراینی لە تارانی پایتەخت (١٧) هاووڵاتیی سویدی و لە نێویشیاندا چەندین هاووڵاتیی كورد و دەیان كەس لە نەتەوە كانی تر بوونە قوربانی.
لارش ڕۆنۆس، باڵیۆزی نوێی شاهانەی سوید لە بەغدا، خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانیان و ئەو پێشوازییە گەرمەی لە پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) لە خۆی و شاندی یاوەری كراوە خستە ڕوو و سەرسامیی خۆی بە پرۆسەی گەشەپێدان و پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانی و بەرەوپێشەوەچوونی ئاشتی و ئارامی و سەقامگیری و پێكەوەژیان و ئاوەدانی لە هەرێمی كوردستان پێشان دا و ڕایگەیاند، كە وڵاتی شاهانەی سوید گرنگی بە ئاشتی و سەقامگیری لە عێراق و پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەدات و وڵاتەكەی لە پشتگیری و هاوكارییەكانی مرۆیی و سەربازی و گەشەپێدانی ئابووری و لە هەموو بوارەكانی تردا بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت و، خوازیارن تیرۆر و توندوتیژی لە ناوچەكە دا بنبڕ بكرێن و مەترسی و توندوتیژییەكان بۆ سەر خەڵكی سڤیل و بە تایبەتی بۆ سەر خۆپێشاندەران نەمێنن و دەستوور كۆكەرەوەی هەموو لایەنە ناكۆكەكان بێت و لە ماوەیەكی كورتدا سەرۆكوەزیرانی تازەی عێراق دەستنیشان بكرێت، كە ئارامی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ عێراقییەكان بگەڕێتەوە.
لە لایەكی ترەوە، باسی دواپێشهات و گرژییەكانی ئەم دواییەی ناوچەكەی كرد و لە تەوەرێكی تری قسەكانیشیدا نیگەرانیی خۆی لە بۆردوومانكردنی خەڵكی گوندنشین و ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان خستە ڕوو كە لە لایەن فڕۆكەكانی توركیاوە خەڵكی سڤیلی ناوچەكە كراوەتە ئامانج بە هۆی ئەو شەڕ و ناكۆكیانەی چەندین ساڵە لە نێوان حكوومەتی توركیا و هێزەكانی پەكەكە لەسەر سنوورەكان ڕوو دەدەن و بەهۆیەوە دەیان گوندی ناوچەكە چۆڵ كراون و خەڵكی سڤیلی ناوچەكەش دەبنە قوربانی.
باڵیۆزی نوێی سوید، لەم سەردانەیدا بۆ هەولێری پایتەخت، دامەزراوە گرنگەكانی حكوومەتی هەرێم بەسەر دەكاتەوە و میكانیزمی گەشەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتی شاهانەی سوید و هەرێمی كوردستان تاوتوێ دەكات.
شایانی باسە لە ٢١/١/٢٠٢٠ و لە پەراوێزی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و خاتوو ئەن لیندێ، وەزیری دەرەوەی سوید كۆببوونەوە و میكانیزمی فراوانكردنی پەیوەندییەكانی نێوان سوید و هەرێمی كوردستان بە فراوانی باس كرابوو و لە دیداری دوێنێی نێوان سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێز مەسروور بارزانی و باڵیۆزی نوێی سویدیش، جەخت لە پێداگریی سوید و هەرێمی كوردستان لەسەر سەقامگیریی عێراق و هەرێمی كوردستان و گرنگیی گەشەپێدانی پەیوەندییەكانی سیاسی و بازرگانی كراوەتەوە و هەرێمی كوردستان ستایشی ڕۆڵ و بەشداریی سوید لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و داعش دەكاتەوە.