وەزارەتی پلاندان گرێبەستێكی ستراتیژی بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی لەگەڵ رێكخراوی UNDPواژۆ دەكات

دوایین نوێکردنەوە 2020-02-03 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی پلاندانان لەگەڵ نوێنەری رێكخراوی UNDPلە هەرێمی كوردستان، گرێبەستی پلانی ستراتیژیی ١٠ ساڵەی لە چەند سێكتەرێكدا واژۆ كرد، وەزیری پلاندانانیش رایگەیاند، كە لە بواری توێژینەوەدا هەوڵ دەدەن هاوسەنگی لە نێوان شارەزایانی نێوخۆ و بیانیدا رابگرن، نوێنەری رێكخراوەكەش روونی دەكاتەوە، ئەو پڕۆژەیە بۆ چارەكردنی ئەو كێشە ئابووریانەن كە هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە.

ئەمڕۆ لە دیوانی وەزارەتی پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، واژۆی پلانێكی ستراتیژی ١٠ ساڵە لە نێوان حكوومەتی هەرێم و نوێنەری رێكخراوی UNDPكرا و دواتر، لە پرێسكۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا دكتۆر دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند، كە ئەوان بۆ پلانە ستراتیژییەكان لە بواری توێژینەوەدا هەوڵ دەدەن هاوسەنگییەك لە نێوان شارەزایانی نێوخۆیی و بیانیدا دروست بكەن، بەو پێیەی خاوەنی سەرمایەیەكی مرۆڤیی فراوانین و ئەوان بۆ خۆیان دەزانن گرفتەكانیان لە كوێدان و چارەشیان چییە.

دكتۆر دارا روونیشی كردەوە، كە ئەو پلانە ستراتیژییە ١٠ ساڵەیەی، كە ئەوان لە نێوان ٢٠٢٠تا ٢٠٣٠ دایانڕشتووە، هەموو سێكتەرەكانی تەندروستی، پەروەردە، كشتوكاڵ و پیشەسازی، ژینگە، كارەبا، ئاو و چالاكیی شارەوانییەكان و وەبەرهێنانیان لە ئەولەویەتیاندایە. جەختیشی لەوە كردەوە، كاركردن لەسەر سێكتەرەكان ئەو پلانە ستراتیژییە، هاوتەریبە لەگەڵ كارنامە و بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە بە روونی لە هێڵە گشتییەكاندا باسی لێوە كراوە.

هەر لە پرێسكۆنفرانسەكەدا نوێنەری رێكخراوی UNDPرایگەیاند، ئەوان گرینگی بە كەرتی نەوت و غاز دەدەن، پێیانوایە تاكە رێگەی چارەكردنی كێشە ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان، گرینگیدانە بەو كەرتە، ئەو پڕۆژەیەش كە ئەوان پێوەی پابەندن و دەیانەوێ لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێی بكەن، هەوڵیان داوە بەرفراوان بێت و، تەنیا یەك وەزارەت نەبێت، بەڵكوو هەموو وەزارەتەكان بگرێتەوە.

ئەوەیشی دووپات كردەوە، كە وەزارەتی پلاندان بەڵێنیی داوە هاوكاریی تەكنیكی و هونەریی ئەو پڕۆژەیە بكات، تا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هاوكار بێت لە چارەكردنی ئەو كێشە ئابوورییانەی، كە هەرێمی كوردستان بەدەستیانەوە دەناڵێنێت.

 

خێڵان بەختیار