ئەنەكەسە و هاوپەیمانیی نیشتیمانیی سووریا دەستەیەك بۆ گەڕانەوەی پەنابەران پێكدێنن

دوایین نوێکردنەوە 2020-02-03 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- ئەندامێكی سەركردایەتیی ئەنەكەسە دەڵێ، ئەنەكەسە و هاوپەیمانیی نیشتیمانیی سووریا، رێككەوتنێكیان واژۆ كردووە، كە دەستەیەكی باڵا و هەشت لیژنەی فەرعییان بۆ گەڕانەوەی پەنابەرانی سووریا و نەهێشتنی دەستدرێژیی گرووپە چەكدارەكان پێكهێناوە و لە ماوەی هەفتەیەكدا دەست بە كارەكانیان دەكەن.

محەمەد ئیسماعیل، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "دوای ئەوەی وەكو شاندێكی ئەنەكەسە لەگەڵ سەركردایەتیی هاوپەیمانیی نیشتمانیی سووریا لە توركیا كۆبووینەوە، رێككەوتنێكمان واژۆ كرد لەبارەی نەهێشتنی دەستدرێژییەكانی گرووپە چەكدارەكان و گەڕانەوەی پەنابەران بۆ سەر ماڵ و موڵكی خۆیان، هەورەها ئەو گۆڕینی دیمۆرافیایەی لە ناوچەكەدا هەیە، نەمێنێت، لە ئێستاشدا دەستمان كردووە بە گرتنەبەری رێكارەكانی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە بۆ ئەوەی پەنابەران بگەڕێنەوە و دەستدرێژییەكان نەمێنن، بۆ ئەو مەبەستەش دەستەیەكمان دروست كردووە و ئەندامانی خۆمان وەكو ئەنەكەسە دیاری كرد كە چوار كەسن."

ئیسماعیل گوتیشی: " لەلایەن سەرۆكی هەماهەنگیی هاوپەیمانیی نیشتیمانیی سووریا مامۆستا (ئەنەس عەبدی) ئاگادار كراینەوە كە ئەندامانی خۆیان دەستنیشان كردووە بۆ ئەوەی بەیەكەوە كار بكەین لەبارەی رێككەوتنی نێوانمان، بۆیە وای دەبینم لە ماوەی هەفتەیەكدا ئەو دەستەیە دەست بە كارەكانی بكات."

وەك ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی ئەنەكەسە دەڵێ: "هەشت كۆمیتەی فەرعیشمان دروست كردووە لە ناوچەكانی سەرێ كانی و گرێ سپی و عەفرین بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە و ئەمەریكاشمان ئاگادار كردۆتەوە بۆ ئەوەی ئاگاداری قەسەدە و توركیا بكەنەوە ئاستەنگ دروست نەكەن بۆ ئەو خەڵكەی كە دەگەڕێنەوە، چونكە لە بەرژەوەندیی كەسدا نییە، بەڵكوو بۆ ‌بەرژەوەندیی خەڵكی ئێمەیە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و موڵكی خۆیان‌".

ناوبراو ڕوونیشی كردەوە: "پەنابەرانی ئەم دواییەی سەرێ كانی و گرێ سپی، نزیكەی 104 هەزار كەس دەبن، هەموو هەوڵێكی خۆشمان دەدەین بۆ گەڕانەوەی هەموو ئەوانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە ناوچەكانیان".

 

نەشوان بەرزنجی