لیوا زریان: داعشه‌كان بە ئاشكرا لە سنووری قەزای مەخموور دەردەكەونه‌وه‌

دوایین نوێکردنەوە 2020-02-03 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

مەخموور-KDP.info- دوێنێ لە مەخموور داعش ھێرشی كردە سەر ژمارەیەك ھاووڵاتیی كەمپی ئاوارەكانی باكووری كوردستان، فەرماندەیەكی پێشمەرگەش ده‌ڵێ، پێشتر فڕۆكەی ھاوپەیمانان بەردەوام لە چیای قەرەچووغ و دەشتی مەخموور پێگەكانی داعشیان دەكردە ئامانج ئه‌و بۆردومانانه‌ش كاریگەری لەسەر زیادبوون و جووڵەكانی داعش هەبوو.

 لیوا زریان شێخوەسانی، فەرماندەی پێشمەرگە لە مەخموور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، لە شەڕەكەی دوێنێی نێوان تیرۆریستانی داعش و پاسەوانانی كەمپی مەخمووردا، دوو چەكداری داعش كوژراون و لە چەكدارانی كەمپیش كوژراو و بریندار ھەیە و ژمارەیەك برینداریش گەیەندراونەتە نەخۆشخانەكانی ھەولێر.

فەرماندەكەی پێشمەرگە گوتیشی، تیرۆریستانی داعش ماوەیەكە بە ئاشكرا لە سنووری قەزای مەخموور دەردەكەون و ھاتوچۆی ناوچەكە دەكەن، ئەگەر پێشیان لێ نەگیرێت، بێگومان مەترسین بۆ سەر خەڵكی مەخموور، چونكە ئەو ناوچانە پێشمەرگەی تێدا نییە و داعشیش جووڵەی زیاد كردووە.

شێخوەسانی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، پێشتر فڕۆكەی ھاوپەیمانان بەردەوام لە چیای قەرەچووغ و دەشتی مەخموور پێگەكانی داعشیان دەكردە ئامانج ئه‌و بۆردومانانه‌ش كاریگەری لەسەر زیادبوون و جووڵەی داعشه‌كان هەبووە.

ناوبراو دەشڵێت: "ھێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە ئامادەباشیدان بۆ وەڵامدانەوەی ھەر ھێرشێكی تیرۆریستانی داعش و بەردەوام ئێمە لە سەنگەرەكانی پێشەوە چاودێریی جووڵەی چەكدارانی داعش لە چیای قەرەچووغ و مەخموور دەكەین".

 

قائید میرۆ