ئه‌مساڵ ھەزار و ١٣٣ تۆمەتباری ماددەی ھۆشبەر لە هەولێر و دهۆک دەستگیرکراون

دوایین نوێکردنەوە 2020-12-28 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

بەڕێوەبەرایەتی نەھێشتنی ماددە ھۆشبەرەکان سەربە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش ئاماری ساڵانەی خستەڕوو کە تیایدا ئاماژە بەوەکراوە کە لە میانی ئەمساڵدا، ھەزار و ١٣٣ تۆمەتباری ماددەی ھۆشبەر لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک دەستگیرکراون.

بەرپرسی ھۆبەی راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی نەھێشتنی ماددە ھۆشبەرەکان، موقەدەم بەختیار میران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: 'لە میانی ئەمساڵدا، ھەزار و ١٣٣ تۆمەتبار لە هەولێر و دهۆک دەستگیرکراون و لەوانە ٨٨یان بە دەستەبەری ئازادکراون، ٩١٦یان پەڕاوەکانیان لە دادگا یەکلاییبووەتەوە و ٥٨ تۆمەتبار بەھۆی نەبوونی بەڵگە ئازادکراون'.

موقەدەم بەختیار میران گوتیشی: 'لە میانی ئەمساڵدا، ٤٠٥ کیلۆ و ١٢٣ گرام ھیرۆین، ٨٦ کیلۆ و ٥٢٣ گرام تلیاک، ٥٢ کیلۆ و ٥٤١ گرام کریستاڵ، نۆ کیلۆ و ٨٣٤ گرام حەشیش و یەک کیلۆ ٧١٩ گرام جامیکا لە هەولێر و دهۆک دەستی بەسەردا گیراوە'.

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی نەھێشتنی ماددە ھۆشبەرەکانی سەربە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش لە میانی ئەمساڵدا، ھەزار و ٢١٩ شیت حەبی کڵۆنازپام، ھەزار و ٤٧ شیت حەبی ترامادۆڵ، ٧٩ شیت حەبی میتادۆم، ٣١ شیت حەبی پرازولام ٢ و ٢٧٠ شیت حەبی دیکەی جۆراوجۆر لە هەولێر و دهۆک دەستی بەسەرداگیراوە.

لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، ئاماژە بە دراوی ساختە کرا کە لە میانی ئەمساڵدا لە هەولێر و دهۆک دەستی بەسەردا گیراوە و موقەدەم بەختیار میران گوتی: 'لە میانی ئەمساڵدا، ١٠ ملیۆن و ٩٥٥ ھەزار دینار، ٦٥ ھەزار و ٥٠٠ دۆلار و سەد ھەزار یورۆ دەستی بەسەرداگیراوە'‌.

لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی چەکی نایاسایش لە هەولێر و دهۆک، موقەدەم بەختیار میران گوتی: '٨٣ کڵاشینکۆف، ٣٩ دەمانچە، یەک قەنناس، یەک برنۆ، یەک تاپڕ و ٢٩ دووربین دەستی بەسەردا گیراوە'.