په‌نیری خۆماڵیی ئاكرێ خواستێكی زۆری له‌سه‌ره، به‌ڵام ئه‌مساڵ ڕهواجهكهی زۆر زیاتر بووه، به‌شێكی هۆكاری ئه‌مه‌ش بۆ بایكۆتكردنی كاڵا و كه‌لوپه‌لی توركی ده‌گه‌ڕێته‌وه، به جۆرێك ئه‌و خواسته دوو هێنده‌ی ساڵانی ڕابردوو زیادی كردووه، ته‌نانه‌ت به‌رهه‌مه ناوخۆیی ئاكرێ ئێستا له بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ساخ ده‌بێته‌وه.
عه‌لی عه‌بدوڵا، كه مهڕدارێكی ئاكرێیه، له‌م باره‌یه‌وه به هه‌فته‌نامه‌ی (باس)ی ڕاگه‌یاند: "ساڵانه له شیری مه‌ڕ و بزنه‌كانمان ڕێژه‌یه‌كی زۆری په‌نیر به‌رهه‌م دێنن، جگه له‌وه‌ی بۆ خۆمان سوودی لێ وه‌رده‌گرین، بازاڕێكی به ڕهواجیشی هه‌یه و ئه‌مساڵ خواست له‌سه‌ری زۆر زیاد بووه".
سه‌عدی ئیبراهیم، كه له بازاڕی ئاكرێ فرۆشیاری به‌رهه‌می سپیایهتییه، ئاماژه به‌وه ده‌كات، كه 80%ی به‌رهه‌می په‌نیری ئاكرێ ده‌چێته بازاڕه‌كانی دیكه‌ی كوردستان و ده‌ڵێت: "نرخی یەک كیلۆ په‌نیری ئاكرێ له‌نێوان 5 بۆ 15 هه‌زار دیناردایه، ئێستا و به‌هۆی ڕاگه‌یاندنی هه‌ڵمه‌تی بایكۆتكردنی به‌رهه‌م و كاڵای توركی، ڕه‌واجێكی زۆر له‌سه‌ر ئه‌م به‌رهه‌مه خۆماڵییه هه‌یه، به جۆرێك كه 90%ی بازاڕه‌كه‌ی گه‌رم و به هه‌ڕمێنتر بووه له جاران".
لای خۆیه‌وه ئه‌ندازیار عیماد ئه‌حمه‌د، به‌رپرسی به‌شی ئاژه‌ڵداریی له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كشتوكاڵی ئاكرێ، سه‌باره‌ت به به‌رهه‌می سپیایی قه‌زاكه‌یان گوتی: "ڕۆژانه به‌رهه‌می سپیایی له ماست، په‌نیر، ژاژی، نڤیشك، سه‌رتوێژ و كه‌شك زیاتر له هه‌ر به‌رهه‌مێكی دیكه دەفرۆشرێ، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر خواستی زۆری هاووڵاتییان له‌سه‌ر ئه‌و به‌رهه‌مانه و به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر په‌نیری كوردی".
سه‌باره‌ت به ژماره‌ی ئاژه‌ڵداران و ڕێژه‌ی به‌رهه‌می ساڵانه‌ی سپیاییش، ئه‌حمه‌د ده‌ڵێت: "ئێستا له ده‌ڤەری ئێمه 410 هه‌زار و 929 سه‌ر مه‌ڕ و بزن هه‌ن، له‌و ژماره‌یه 51 هه‌زار و 302 مه‌ڕ و بزن ڕێژه‌ی 35%ی شیری ناوچه‌كه به‌رهه‌م دێنن، وه‌كوو تریش ساڵانه به ڕێژه‌ی 10% ئاژه‌ڵدار له ده‌ڤه‌ره‌كه زیاد ده‌بن، به جۆرێك ئێستا به‌رهه‌می ڕۆژانه‌ی شیر له ئاكرێ ده‌گاته 8 هه‌زار و 828 كیلۆ و زیاتر له 4 هه‌زار و 264 كیلۆی له بازاڕه‌كان ده‌فرۆشرێت، هاوكات ڕۆژانه 4 هه‌زار و 51 كیلۆی شیر ده‌برێته كارگه‌كان".