به‌غدا -KDP.info- سه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا گوتی، هه‌ركاتێك سه‌رۆكوه‌زیرانی نوێ بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی تازه ده‌ستی به دانوستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان كرد، كورد وه‌ره‌قه‌ی داواكاریی خۆی ئاماده ده‌كات، كه بڕیاره له‌م مانگەدا حكوومه‌تی نوێ پێک بێت و ئه‌وه‌ی لای كوردیش گرنگه به‌رنامه‌ی كابینه‌ی حکوومەت و پابهندبوونییەتی به ده‌ستوور و دابینكردنی مافی كورد به‌پێی ده‌ستوور.
فارس عیسا، سه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تیی حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا ، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئێمه هیچ كێشه‌یه‌كمان له‌سه‌ر كاندیدكردنی سه‌رۆكوه‌زیرانی نوێی عێراق نییه و نوێنه‌ری شیعه‌كانه و ئه‌وه‌ی لای ئێمه گرنگه به‌رنامه‌ی كابینه‌ی نوێیە، كه پابه‌ندی ده‌ستووری عێراق بێت و مافه‌كانی كوردیش به‌پێی ده‌ستوور دابین بكات و ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا كراوه پێیه‌وه پابه‌ند بێت و جێبه‌جێی بكات."
فارس عیسا گوتیشی: 'بڕیاره له‌م مانگەدا حکوومەت پێک بێت و هه‌ركاتێك ویستی دانوستان له‌گه‌ڵ لایه‌نەکانی كورد بكات، كورد وه‌رقه‌ی داواكاریی خۆی ئاماده ده‌كات و ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كان پشتگیریی بكه‌ن سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت."
عیسا باسی له‌وه‌ش كرد: "حکوومەتی نوێی عێراق ئینتیقالی ده‌بێت تا هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت، كه تاوه‌كو ساڵێكی دیكه ده‌رفه‌تی هه‌یه كار بكات و دواتریش هه‌ڵبژاردن دەکرێت."
بڕیاره سبه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حکوومەتی عێراق، محه‌مه‌د ته‌وفیق عه‌لاوی، له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان ده‌ست به گفتوگۆ بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حکوومەتی عێراق بكات."
بڵند ئیبراهیم