شاندێکی باڵای پارتی سەردانی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستانی کرد

دوایین نوێکردنەوە 2020-02-04 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- بە مەبەستی پەیوەندی و هەماهەنگی زیاتری نیوان هەردوولا، ئەمڕۆ سێشەمە شاندێکى باڵاى پارتى دیموکراتى کوردستان کە پێکهاتبون لە فازڵ میرانى سکرتێرى مەکتەبى سیاسى و زەعیم عەلى ئەندامى مەکتەبى سیاسى و عەلى حسێن بەرپرسى مەکتەبى پەیوەندییەکانى کوردستانى و عێراقى پارتى دیموکراتى کوردستان و بەرپرسى دیسکى پارتە ئیسلامیەکان و ئەندامانى مەکتەبى پەیوەندییەکان، سەردانى مەکتەبى سیاسى بزووتنەوەى ئیسلامیان لە شارى هەولێر کرد و، لەلایەن کامل حاجى عەلى بەرپرسى دەستەى کارگێرى مەکتەبى سیاسى و عەبدولڵا وەرتی و ئەحمەد گەرمیانى ئەندامانى دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسى بزووتنەوە پێشوازى کران.

لە دیدارێکدا بارودۆخى کوردستان و هەستیارى سیاسى ناوچەکەو  ناجێگیرى رەوشى عێراق و هەنگاوەکانى راسپاردنى سەرۆکوەزیران بۆ حکوومەتى عێراق و دواین پێشهات و گۆڕانکارییەکان و پێوەندى حکوومەتى هەرێم و حکوومەتى عێراق بەگشتى باسى لێوەکرا، پاشان فازڵ میرانى سکرتێرى مەکتەبى سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستان ئاماژەى بە پەیوەندییەکانى نێوان پارتى و بزووتنەوەى ئیسلامى کرد و تەئکیدى کردەوە لەگەڵ بزووتنەوەى ئیسلامى هاوپەیمان و دۆستى سیاسى ئەمڕۆ و دوێنێن و هەنگاوەکان بۆ ئاییندەى ئەم پەیوەندیانە فراوانتر دەکەین بەهەماهەنگى زیاتر لەپێناو کارکردنى هاوبەش و سەرکەوتنى پرۆسەى سیاسى و دیموکراسى و بەدیهێنانى هەموو ئامانجە نەتەوەیى و نیشتمانیەکانمان و پاراستنى ئەو دەستکەوتانە کەلەئاکامى یەکریزى نێوانمان و هێزو لایەنە سیاسیەکانەوە بەدەست هاتوون.
لەبەرامبەردا بزوتنەوەى ئیسلامى هەماهەنگى و پاڵپشتیەکانى پارتى دیموکراتى کوردستانیان پربایەخ وەسف کرد و تەئکیدیان کردەوە هەمیشە هەنگاوەکانمان هاوهەڵوێستن لەگەڵ پارتى بۆ سەرخستنى پرسە نەتەوەییەکان و پاراستنى ئەم ئەزمونە، هاوکات خزمەت کردن بەرژەوەندیە نەتەوەى و نیشتمانیەکان و پالپشتى کردنى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بۆ زیاتر خزمەتکردنى خەلک و ئەرک بەرپرسیارەتى هەموولایەک بۆ داکۆکی كردن و سەركەوتن بەسەر ئەم قۆناغە هەستیارە كرایەوە.