ھاوپەیمانی فەتح: دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتی ٢٠٢١ نادەین

دوا نوێکردنەوە: 2021-01-02 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی ھاوپەیمانی فەتح، فازڵ فەتلاوی رایگەیاند، ئەگەر ئەو چەکدارانەی حەشدی شەعبی کە لە خزمەتەکانیان دەرکراون و نەگەڕێندرێنەوە سەر ئەرکەکانیان و مووچەی بۆ دابین نەکرێت، ئەوا دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی ٢٠٢١ نادەن.

فازڵ فەتلاوی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە کە ژمارەیەک چەکداری حەشدی لە رووی داراییەوە گرێبەستەکانیان ھەڵوەشێندراوەتەوە و لە ئەرکەکانیان دەرکراون و گوتی: "لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، یەک دەنگی لە نێو فراکسیۆنە شیعەکاندا ھەیە لەوەی دەبێت ئەو چەکدارانە بگەڕێندرێنەوە سەر ئەرکەکانیان و مووچەیان لە لایەن حکوومەتی فیدرالییەوە بۆ دابین بکرێت".

گوتیشی:" ئەگەر ئەو چەکدارانەی حەشدی شەعبی کە لە رووی داراییەوە، گرێبەستەکانیان ھەڵوەشێندراوەتەوە ، نەگەڕێندرێنەوە سەر ئەرکەکانیان، ئەوا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەنگ لەسەر پڕۆژەیای بوودجەی گشتیی ٢٠٢١ نادەین".

رۆژی سێشەممەی ھەفتەی رابردوو، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی ٢٠٢١ رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران کرد.

پێشتر جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەشیر حەداد رایگەیاندبوو کە ماوەی تاوتوێکردن و دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی ٢٠٢١ لە ئەنجوومەنی نوێنەران، ٢٠ رۆژ دەخایەنێت.