وەزیری ناوخۆ: هەموو رەخنە و پێشنیازەكان لە پێناو باشتركردنی سێكتەری هاتوچۆ وەردەگرین

دوایین نوێکردنەوە 2020-02-05 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

ھەولێر-KDP.info- بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان، كۆنفڕانسێك لە ژێر ناونیشانی "پاراستنی سەر و سامانی هاووڵاتیان ئەركی هەمووانە"، لە پێناو دەستنیشانكردنی كەموكورتییەكانی سێكتەری هاتوچۆ و دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆیان، بەڕێوە چوو، وەك وەزیری ناوخۆش ئاماژەی دا، مەبەستی كۆنفڕانسەكە باشتركردنی سێكتەری هاتوچۆیە لە پێناو خزمەتكردنی هاووڵاتیاندا.

لە میانەی كۆنفڕانسەكەدا، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئامانجیان ئەوەیە، رەخنە و بۆچوون و پێشنیازەكان لەسەر سیستمی هاتوچۆی هەرێم وەربگرن، تا بتوانن رێگەچارەی گونجاویان بۆ بدۆزنەوە، هەتا شوفێران و هاووڵاتیان هۆشیارتر و سەلامەت بن لە سێكتەری هاتوچۆ، هاوكات هەوڵیش دەدەن، كە جەنابی سەرۆكی حكوومەتیش بەشداری كۆنفڕانسەكە بن، جەختیشی لەوە كردەوە، كە پاڵپشتی ئەو پرۆسەیەش دەبێت، بەو پێیەی هەر لەسەر فەرمانی جەنابیان وەزارەتی ناوخۆ ئەو كۆنفڕانسەی بۆ ئەو مەبەستە ساز داوە.

ناوبراو داواشی لە پیاوان و خانمانی هاتوچۆ كرد، كە ئاسانكاری بۆ شوفێران بكەن و شوفێرانیش پابەندی یاسا و رێنماییەكانی هاتوچۆ بن، تا بە هەردوولا كەشێكی تەندروست بۆ سیستمی هاتوچۆ دروست بكەن.

وەزیری ناوخۆ ئەوەشی گوت، كە لەو كۆنفڕانسەكەدا چوارچێوەیەك بۆ گفتوگۆ دەكرێتەوە و، بە سینگێكی فراوانیشەوە پێشنیاز و رەخنەكان لە بواری هاتوچۆ وەردەگرن، چ گلەیی هاووڵاتیان بێت لە رەفتاری پۆلیس، یا لە رێنماییەكان، یا شوفێرەكان، یا هەر شتێكی دیكە، دەیانەوێت دەست بخرێتە سەر هەموو ئەو خاڵانەی كە كەموكورتییان تێدایە، بۆ ئەوەی بتوانن رێگەچارەی گونجاویان بۆ بدۆزنەوە.

ئەوەش لە كاتێكدایە، دوێنێ وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاگادارییەكی بڵاو كردەوە، كە تێیدا داوای لە هاووڵاتیان كرد، لە رێگای ئیمەیلی diwan@moi.gov.krdدەتوانن بیرۆكەكانیان بۆ كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتوچۆ بنێرن.

هەر بۆ ئەو مەبەستەش، ئەمڕۆ وەزارەت كۆنفڕاسێكی لە ژێر ناوی "پاراستنی سەر و سامانی هاووڵاتیان ئەركی هەمووانە"، رێكخست و، ئەو كەسانەی دەیانەوێت بەشدار بن، دەتوانن سی ڤیی خۆیان رەوانە بكەن.

 

خێڵان بەختیار