دەربەندیخان-KDP.info- كارەكانی تایبەت بە تەواوكردنی پێنجەمین گەورەبەنداوی ھەرێمی كوردستان لە كۆتاییدایە و بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و كۆگاكانی ئاوی ھەرێمی كوردستانیش دەڵێت، 11 بەنداوی بچووك و مامناوەند لە هەرێمی كوردستان دەست بە تەواوكردنیان دەكرێت.
حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بڕی ٣٣ ملیار دیناری بۆ تەواوكردنی ١١ بەنداوی بچووك و مامناوەند لە ھەرێمی كوردستان دابین كردووە. لەو بارەیەشەوە، ئەكرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و كۆگاكانی ئاوی ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، حكوومەتی ھەرێم رەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر خەرجكردنی بڕی ٣٣ ملیار دینار بۆ بەنداوە تەواونەكراوەكان، كە ژمارەیان ١١ بەنداوە لە تەواوی پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستان و لەمەودوا دەست بە تەواوكردنیان دەكرێت و ئامادەكاریی تەواویش بۆ دەستپێكردنیان كراوە.
پەیوەست بە بەنداوی دێوانەش، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و كۆگاكانی ئاوی ھەرێمی كوردستان دەڵێت، بەنداوی دێوانە لە دوای بەنداوی دووكان، دەربەندیخان، دھۆك و ئاوەسپی، پێنجەم گەورەترین بەنداوە لە ھەرێمی كوردستان، بە ھۆی ئەم بارانبارینەشەوە بەشی كۆنكرێتیی بەنداوەكە تەواو نەكراوە و لە ماوەیەكی نزیكدا كۆتایی بە كارەكانی بەنداوەكە دێت و دەبێتە پێنجەمین بەنداو لە ڕووی گلدانەوەی ئاوەوە لە ھەرێمی كوردستان.
بەنداوی دێوانە دەكەوێتە سنووری دەربەندیخان و ساڵی ٢٠١١ بەردی بناغەی داندرا، بەڵام بە ھۆی قەیرانی داراییەوە پڕۆژەكە ڕاگیرا.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش كرد، ئەو بەنداوە سوودێكی زۆری بۆ خەڵكی دەربەندیخان و دەوروبەی دەبێت، ھاوكات كەمیی ئاوی ئەو ناوچەیە چارەسەر دەكات و بۆ سامانی گشتی و ژینگەی ئەو ناوچەیە و جووتیارانیش بەسوودە.
ھەڵكەوت محەمەد