ئەنجوومەنی سەرکردایەتی سلێمانی: عەتا شێخ حەسەن سەعات ٦:٤٥ ده‌قه‌ی به‌یانی ئه‌مڕۆ گیانی سپاردووە

دوایین نوێکردنەوە 2020-02-06 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

سلێمانی-KDP.info- ئەندامێکی نووسینگەی به‌رپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی سلێمانی_ هەڵەبجەی پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆچیی دوایی گوتەبێژی فەرمیی ئەنجوومەنەکە رادەگەیەنێت.

سەرهەد شێخ جەواد لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند، کە عەتا شێخ حەسەن گوتەبێژی فەرمیی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی سلێمانی_ هەڵەبجەی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی ئەنجوومەنەکە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە هۆی نەخۆشی دڵەوە کۆچی دوایی کردووە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، کە دوێنێ شەو لەگەڵ عەتا شێخ حەسەن پێکەوە بوون و باری تەندرووستی زۆر باش بووە و هیچ نەخۆشییەکی نەبووە، بەڵام دوای ئەوەی گەڕاوەتەوە ماڵەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەستی بە ئازاری سینگی کردووە،  ئیدی لەگەڵ هاوسەریدا بەرەو نەخۆشخانەی شاری سلێمانی رۆیشتوون، دوای گەیشتنیان بە نەخۆشخانەکە سەعات ٦:٤٥  بە هۆی جەڵدەی دڵەوە گیانی سپاردووە.