هەولێر-KDP.info- مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە بۆنەی بیستوشەشەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانەوە، پەیامێكی پیرۆزبایی ئاڕاستەی ئەمینداری گشتیی ئەو حزبە و ئەندامانی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكگرتووی ئیسلامی كرد.
ئەمە دەقی پەیامەكەیە:
بەڕێز مامۆستا سەڵاحەددین بەهائەددین، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان..
بەڕێزان ئەندامانی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكگرتووی ئیسلامی...
بە بۆنەی بیستوشەشەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و سەرجەم ئەندام و لایەنگرانی حزبە تێكۆشەرەكەتان دەكەین و، ھیوای پتەوتربوونی پەیوەندیی دۆستانەی نێوانمان شانبەشانی حزب و لایەنە سیاسییەكانی دیكەی كوردستان و یەكخستنی هەوڵ و كۆششەكان دەخوازین بۆ پاراستنی دەسكەوتەكان و بەھێزتركردنی ئەزموون و دۆزی رەوای گەلەكەمان.
ئێمە لە كاتێكدا یادی حزبە خەباتگێڕەكەتان دەكەینەوە و هەوڵ و تێكۆشانی ئێوە بەرز دەنرخێنین، جەخت دەكەینەوە كە هەلومەرجی ئەمڕۆی كوردستان وا دەخوازێ سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بەوپەڕی بەرپرسیاریەتییەوە ئەركە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكانیان راپەڕێنن و لە پێناوی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل و وڵاتەكەمان درێغی نەكەن و هەوڵی جیددی بدەین بۆ زیاتر پتەوكردنی یەكڕیزی و یەكدەنگیی هێز و لایەنە سیاسییەكان و بەدیهێنانی ئامانجەكانمان.
جارێكی دیكە پیرۆزباییتان لێ دەكەین و هیوادارین سەركەوتوو و هەر لە پێشكەوتندا بن.
مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
6/2/2020