قەرەتەپە.. داعش چەكداری بیانیی بۆ ناوچەكە هێناوە

دوایین نوێکردنەوە 2020-02-06 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

قەرەتەپە-KDP.info- بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە قەرەتەپە ده‌ڵێ، تیرۆریستانی داعش سەرقاڵی خۆڕێكخستنەوەن لە چیای حەمرین و چەندین چەكداری بیانیشیان بۆ ناوچەكە هێناوە.

كەمال ئیبراهیم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "بەپێی دوایین زانیاری، تیرۆریستانی داعش سەرقاڵی خۆڕێكخستنەوەن لە چیای حەمرین، كە چیایەكی فراوانە و چەندین چەكداریی بیانیشیان هێناوە بۆ سنوورەكە، سوپای عێراق و ئەو میلیشیانەش كە لەو سنوورە هەن، توانای كۆنتڕۆڵكردنیان نییە، چونكە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە نەبێت، كۆنتڕۆڵی سنوورەكە ناكرێت، خەڵكی سنوورەكەش لە كورد و عەرەبی سوننە هەمیشە داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە دەكەن".

بەرپرسی لیژنەی ناوچەی قەرەتەپە گوتیشی: "لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر چەندین گوندی كوردنشین و عەرەبی سوننەش لە ترسی كۆنتڕۆڵنەكردنی ناوچەكە لە رووی ئەمنییەوە ئاوارە بوونە، ئەوانەشی ماون، بە شەو ئینزارن و خۆیان پاسەوانی لە خۆیان دەكەن".

ناوبراو باسی لەوەش كرد، رۆژانە كردەی تیرۆریستی لە سنوورەكە لەلایەن داعشەوە ئەنجام دەدرێت و بە شەوانیش بازگە لە نێوان گوندەكان دادەنێن، هەروەها خەڵكی دەكوژن و ئۆتۆمبێلەكانیان دەبەن و بە ئارەزووی خۆیشیان هاتوچۆ دەكەن.

 

نەشوان بەرزنجی