عێراق..ھەوڵی ھەموارکردنەوەی پرسی دەستوور ده‌درێت

دوا نوێکردنەوە: 2021-01-20 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

ئەندامی لیژنەی ھەموارکردنەوەی دەستوور لە سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، موحسن سەعدون رایگەیاند "لیژنەکەمان ھەوڵی زۆری خستووەتەگەڕ و زنجیرەیەک گفتوگۆ و کۆبوونەوەی ئەنجامداوە بە ئامانجی تەواوکردنی ھەموارکردنەوەی سەرجەم بەندەکانی نێو دەستوور.

لەمبارەیەوە ئەندامی لیژنەی ھەموارکردنەوەی دەستوور لە سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، موحسن سەعدون لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی "ئەلسەباح"ی نیمچە فەرمی عێراق گوتی: "لیژنەکەمان بە سەرۆکایەتی گەورە راوێژکاری سەرۆکایەتی کۆمار، عەلی شوکری و ئەندامێتی 25 شارەزای بواری یاسا و دەستوور، ھەوڵی زۆری خستووەتەگەڕ و زنجیرەیەک گفتوگۆ و کۆبوونەوەی ئەنجامداوە، بە ئامانجی تەواوکردنی ھەموارکردنەوەی سەرجەم بەندەکانی نێو دەستوور، لەئێستادا تەنھا ئەوە ماوە پێداوچوونەوە بۆ هەموارکردنەوەکان بکرێت کە بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دواخرابوو".

موحسن سەعدون ئاماژەی بەوەیشدا کە ھەموارکردنەوەکان گونجاون لەگەڵ چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکانی نێو دەستوور و گوتی:

"ئەو ماددە دەستوورییە گرنگانەی کە ھەموارکردنەوەیان بۆ کراوە، کەمکردنەوەی ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانە لە 329 ئەندام بۆ 180 ئەندام و لەگەڵ ماددەی 76 کە یەکێک لە بڕگەکانی پەیوەستە بەوەی حکوومەت لەلایەن گەورەترین فراکسیۆنی نێو ئەنجوومەنی نوێنەران پێکبھێندرێت".

ئەندامی لیژنەی ھەموارکردنەوەی دەستوور لە سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، موحسن سەعدون باسی لەوەشکرد ئەو ماددەی کە زۆر گرنگی پێدراوە پەیوەستە بە (ئەنجوومەنی یەکێتیی) کە چەند پێشنیازێکی بۆ کراوە، دوای ئەوەی لە دەستووردا بە ماددەیەک ئاماژەی پێکراوە و بەیاسایی بکرێت و گوتی: "بۆ ئاگاداریی ھەموو لایەک ئەو ماددەیە، ژووری دووەمی یاسادانانە و ھاوشێوەی ئەنجوومەنی پیرانە و دەبێت لە ئاستی ئەنجوومەنی نوێنەراندا بێت".

لە درێژەی قسەکانییدا موحسن سەعدون ئاشکرایکردووە کە لیژنەکەیان ھەوڵی داوە دەسەڵاتەکانی سەرکۆمار زیاتر بکرێت لە بڕی ئەوەی سیستەمی حکومڕانی لە عێراق بکرێت بە سیستەمی کۆماری وەک ئەوەی لە خۆپیشاندانەکانی بەغدا و ژمارەیەک پارێزگاکانی عێراق داواکرابوو و گوتی:

"ئەستەمە سیستەمی پەرلەمانی بگۆڕدرێت بۆ سەرۆکایەتی، چونکە پێویستی بە ھەموارکردنەوەی زۆرێک لە ماددە دەستوروییەکان ھەیە".

گوتیشی: "لیژنەی ھەموارکردنەوەی دەستوور لە سەرۆکایەتی کۆمار، ھەموارکردنەوەکان رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکات بۆ ئەوەی ھەردوولا لیژنەیەکی ھاوبەش سەبارەت بە گفتوگۆکردن لەسەر ھەموارکردنەوی ماددەکانی نێو دەستوور پێکبھێنن و پێکەوە بگەنە رەشنووسێکی ھاوبەش تا لە ئەنجوومەنی نوێنەران پەسەند بکرێت".

ئەندامی لیژنەی ھەموارکردنەوەی دەستوور لە سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، موحسن سەعدون بە گرنگی زانی لەوەی دەبێت ئیرادەیەکی سیاسی ھەبێت بۆ ئەوەی ھەموارکردنەوەی بەندەکانی نێو دەستوور لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر بدرێت و تێپەڕێندرێت تا ھەموارکردنەوەیەکی دەستووری لەگەڵ ھەڵبژاردنەکان ھەبێت.