پەیامی سەرۆك بارزانی لەبارەی توندوتیژی و دواپەرەسەندنەكانی عێراق

دوایین نوێکردنەوە 2020-02-06 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

زۆر نیگەرانین لە پەرەسەندنی توندوتیژی و ڕووداوە خوێناوییەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی بەغدا و نەجەف و زۆر بە توندی ئیدانەی خوێنڕێشتن و كوشتن و بەكارهێنانی توندوتیژی لەدژی خۆپێشاندەران دەكەین.

داوا دەكەین حكوومەتی عێراقی و دامودەزگای ڕەسمی و پەیوەندیدارەكان ئەركی خۆیان لە ڕێگەگرتن لە خوێنڕێشتن و پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و خۆپێشاندەران جێبەجێ بكەن. پێویستە لایەنە سیاسییەكانیش بۆ گەییشتن بە چارەسەر، بە زمانی عەقل و مەنتیق مامەڵە لەگەڵ ئەو قەیرانە قووڵە بكەن كە بەرۆكی عێراقی گرتووە.

هەر لێرەیشەوە پشتیوانی خۆمان بۆ داوا ڕەواكانی خۆپێشاندەران و هاووڵاتیان دووپات دەكەینەوە و، سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانیان و شەهیدانی ڕووداوەكانی ئەم دواییەی عێراق دەكەین و هیوای چاكبوونەوەی خێرایش بۆ برینداران دەخوازین.

مسعود بارزانی
6ـی 2ـی 2020