سوپای عێراق: دوو خۆکوژ لە ئاکامی راوەدوونانیان لە ناوەڕاستی بەغدا خۆیان تەقاندووەتەوە

دوا نوێکردنەوە: 2021-01-21 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

سوپای عێراق رایگەیاند کە دوو خۆکوژ لە ئاکامی راوەدوونانیان بۆ ھەوڵی دەستگیرکردنییان لەلایەن ھێزە عێراقییەکانەوە، لە گۆڕەپانی تەیەران ناوەڕاستی بەغدا خۆیان تەقاندەوە.

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، لیوا یەحیا رەسول سەبارەت بەو دوو تەقینەوە خۆکوژییەی کە بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە گۆڕەپانی تەیەران روویدا تویتێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە کە، دوو خۆکوژەکە لە ئاکامی راوەدوونانیان بۆ ھەوڵی دەستگیرکردنییان لەلایەن ھێزە عێراقییەکانەوە، لە گۆڕەپانی تەیەران ناوەڕاستی بەغدا خۆیان تەقاندەوە.

لیوا یەحیا رەسول ئاماژەی بەوەیشداوە کە، لە ئاکامی تەقینەوە خۆکوژییەکاندا، ژمارەیەک هاووڵاتیی مەدەنیی کوژراون و برینداربوون.

پێشتر بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، عەمید حازم عەززاوی رایگەیاندوو کە، دوو تەقینەوەی خۆکوژی یەک لەدوای یەک لە گۆڕەپانی تەیەران ناوەڕاستی بەغدای پایتەخت روویانداوە.

ھاوکات سەرچاوەیه‌کی ئەمنی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاندبوو کە، ژمارەی قوربانییانی ھەردوو تەقینەوە خۆکوژییەکەی بەغدا بۆ ١٢ کوژراو و ٢٠ بریندار بەرزبووەتەوە.

پێشتریش سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاندبوو کە، تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە ناوەڕاستی شاری بەغدا پایتەختی عێراق، روویداوە و لە ئاکامدا، پێنج کەس کوژراون و ھەشتی دیکەیش برینداربوون.

تا ئێستا ھیچ لایەنێک بەرپرسیاریەتی خۆی لە ئەنجامدانی تەقینەوەکانی بەغدا رانەگەیاندووە.

گۆڕەپانی تەیەران بە بازاڕێکی زۆر قەرەباڵغ لە ناوەڕاستی بەغدا دادەندرێت کە رۆژانە خەڵێکی زۆر رووی تێدەکەن.