بەهۆی تەقینەوەیەک لە بەغدای پایتەختی عێراق دەیان کەس دەکوژرێن و بریندار دەبن

دوا نوێکردنەوە: 2021-01-21 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

سەرچاوە ئاسایشی و پزیشکییەکان ڕایانگەیاند ڕۆژی پێنجشەممە لە بازاڕێکی بەغدا لە دوو تەقینەوەی خۆکوژیدا بەلایەنی کەم 23 کەس کوژران و زیاتر لە 50 کەسی دیکەش بریندار بوون. ئەمەش یەکەم هێرشی لەوجۆرەیە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە عێراق ڕووبدات. هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ کەس و لایەنێک بەرپرسیاریەتی تەقینەوەکەی نەگرتۆتە ئەستۆ. لە پاش شکستپێهێنانی گروپی تیرۆرستی دەوڵەتی ئیسلامی داعش، تەقینەوەی خۆکوژی لە پایتەختی عێراق دەگمەن بوو، دوایین جاریش لە مانگی یەکی ساڵێ 2018 تەقینەوەیەکی لەو جۆرە ڕوویدابوو. سوپای عێراق ڕایگەیاند دوو هێرشبەرەکە هێلەکی بۆمبڕێژکراویان لەبەردابووە و لە بازاڕێکی قەرەباڵغی مەیدانی تەیەران لە ناوەڕاستی بەغداد خۆیان لەناو کڕیارەکاندا تەقاندۆتەوە و بۆتە هۆی کوژرانی چەندین کەس.  گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ ڕاگەیاند ژمارەی کوژراوەکان بەلانی کەم 23 کەس بوون، لەگەڵ ئەوەی پێشبینی دەکرێت ئەو ژمارەیە بەرزببێتەوە لە کاتێکدا بەشێک لەو بریندارانە  برینەکانیان سەختە و لە دۆخێکی زۆر مەترسیداردان.