سەرانەیەکی تری حکومەتی هەرێم!

دوا نوێکردنەوە: 2021-01-21 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

 سۆران قادر

- بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی دەبوو سەردانی وڵاتی ئێران بکەم، بۆ ئەم مەبەستە وەک دەزانن کۆمەڵێک ڕێکار هەیە بۆ وەرگرتنی ڤیزا، ئەوەی جێگەی سەرنج بوو، دەبوو تێستی کۆرۆنا بکەم، منیش تێستم هەبوو، کە کۆرۆنام گرتووەو تێم پەڕاندووە، بەڵام وتیان ئەوە ناخوات دەبێت بچیت لە نەخۆشخانەی تاهیر والی بەگ تێستەکە بکەیت، منیش چوومە نەخۆشخانەکە، دەمزانی بە پارەیە، بەڵام لە خەیاڵی خۆمدا وام دانابوو (٣٠٠٠/سێ هەزار)دینارێک بێت، پسوڵەیان بۆ بڕیم، توشی شۆک بووم، کە لەسەری نوسرابوو (٦٠٫٠٠٠/شەست هەزار) دینار، لەوێدا (١٢٠٫٠٠٠/سەدو بیست هەزار)دینارم دا، چونکە برایەکیشم هاوسەفەری دەکردم بۆ ئێران.

- بەهەر حاڵ لەوێدا تێستەکەمان کرد، ئیتر مەوعیدی سەفەرمان پێدان و نوسراوێکیان بۆ کردین، کردمانە گیرفانمان و ڕۆژی ٢٠٢١/١/١١بەڕێکەوتین بەرەو مەرزی باشماخ، لەوێ داوای نوسراوەکەیان کردو، دامان پێیان، کارمەندی پشکنینی پاسپۆرت، سەیرێکی کردوو، مۆری ڕۆیشتنی لە پاسپۆرتەکانماندا، لە مێشکی خۆمدا وامدانابوو ئێرانیش هەمان ڕێکار دەگرێتە بەر، دیسان دەبێت لەوێش هەمان تێستی کۆرۆنا بکەم، پاسپۆرتەکەم دا بە کارمەندی پشکنینی پاسپۆرت لە بەشی ئێران، مۆری چونە ناو ئێرانی کرد، بێ داواکردنی تێستی کۆرۆنا، ئیتر زیاتر تێگەیشتم ئەو پارەیەی دام لە حەقی تێستی کۆرۆنا لە هەرێم، لە سەرانەیەک زیاتر هیچی تر نەبوو.

- گەیشینە خاکی وڵاتی ئێران و دوای هەشت ڕۆژ لە وەرگرتنی چارەسەری پێویست، سوپاس بۆ خوا بەسحەتێکی باشتر بەرەو باشماخ گەڕامەوە، لە بەشی ئێران، مۆری ڕۆیشتن درا لە پاسپۆرتەکانمان، لەگەڵ دەرچون لە ڕاڕەوی بەشی ئێران وگەیشتن بە ڕاڕەوی خاکی هەرێم، کابینەیەک دانرابوو، هەمووی بە پۆستەری بابەتی خۆپارێزی لە کۆرۆنا داپۆشرابوو، من ئەو کابینەیە بە بازگەیەکی ڕاوو ڕووتی سەردەمی گرانیەکە هاتەبەرچاوم، لە گرانیەکە خەڵک بازگەی دادەنا، بە زەبری چەک شتی لە خەڵکی ڕێبوار دەساند، وتیان دەبێت لێرە پشکنینی کۆرۆنا بکەن، هەمان نوسراوەکەی ڕۆژی تێستی کۆرۆناکەی نەخۆشخانەی تاهیر والی بەگم نیشان دان، وتم ئەوەتە کاتێک چووم بۆ ئێران فەحسم کردووە.

- ووتیان ئەوە ناخوات تۆ لەو دیو بوویت بەرکەوتن هەبووە لەگەڵ خەڵکی دەبێت دووبارە لێرە تێستی کۆرۆنا بکەیتەوە، دوای مشتومڕ ملمان دایەوە بۆ تێستێکی تر، دووبارە پسوڵەیەکی (٦٠٫٠٠٠/شەست هەزار) دیناریان بۆ بڕینەوە، هەروەها بینیم بەڵێننامەیەکیشیان بۆ پڕکردمەوە، بێ ئەوەی بیدەنە دەستت وبیخوێنیتەوە، نازانم خۆیان واژووی دەکەن یان نا، چومە لای کارمەندی تێستەکە، نکۆڵیم کرد کە بە لووت بیکەم، ووتی بە دەم بۆت دەکەم، خۆی لەڕاستیدا بە لووت ئەو تێستە دەکرێت، کردم و داوای ئەنجامەکەیم کردەوە، وتیان پێویست ناکات، ووتم شتی وا چۆن دەبێت؟ مەگەر ئەم تێستە بۆ دڵنیابوون نیە لەوەی ئایا من هەڵگری کۆرۆنام یان نا؟ من ئێستا دەڕۆمەوە تێکەڵ دەبم لەگەڵ خەڵکی، ئەگەر هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنابم، خەڵکی تر لێمەوە توش دەبێت، ووتم ئێوە ئەو فەحسە دەکەن تا دڵنیابن من هەڵگرنیم، ئێستا ئێوە ئەنجامەکەی نازانن، چۆن ڕێگە دەدەن من بڕۆمەوە خاکی هەرێم؟ هەر چۆنێک بێت بەڕێیان کردین.

- لە کۆتاییدا بە خۆم وبراکەم (٢٤٠٫٠٠٠/ دوو سەدو چل هەزار) دینارمان دا، کە ڕۆیشین بۆ ئێران دڵنیابووین کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبووین، بەڵام کە گەڕاینەوە نازانین هەڵگرین یان نا؟.
ئەوەی بۆم دەرکەوت ئەو ستافەی لە هەردوو سەر تێستەکەت بۆ دەکەن، ئەو کارمەندانەی پشکنینی پاسپۆرتەکەت دەکەن، خۆم و هەموو خەڵک ناڕازین، بەڵام بۆ قسەناکەین؟ بۆ ملمان بۆ هەموو بڕیارێکی حکومەت کەچ کردووە؟ بۆ دەستمان بە کڵاوەکەمانەوە گرتووە با نەیبات؟

- هەمووشمان دڵنیاین باجی بێ دەنگی خۆمان دەدەین.
ئێستا دەپرسم ئایا ئەم تێستە پەرۆشی حکومەتە بۆ هاوڵاتیانی خۆی، یان لێسەندنی باجە لە هاوڵاتی؟ ئەم پرسیارە بۆ ئێوەی خوێنەر جێدەهێڵم.