سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە توندی ئەو دوو هێرشە خۆکوژییەی ئەمڕۆی شەرمەزار کرد کە تیایدا خەڵکی سڤیل لە بازارێکی بەغدا کرانە ئامانج. ئەوهاوخەمی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانیان، حکومەت و خەڵکی عێراق دەربڕی و هیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست. گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ستیڤن دوجارێک لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت " سکرتێری گشتی داوا لە گەلی عێراق دەکات هەر هەوڵێک بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و توندوتیژی ڕەت بکەنەوە کە ببێتە هۆی بنکۆڵکردنی ئاشتی، سەقامگیری و یەکڕیزی." ئەنتۆنیۆ گۆتێریس داوای لە حکومەتیش کردووە ئەوانەی دەستیان هەبووە لەو تاوانە ترسناکەدا دەستنیشان بکەن و بیانهێنە بەردەم دادگا. سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵێنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی دووپاتکردەوە بۆ پشتیوانی کردن لە هەوڵەکانیگەل و حکومەتی عێراقی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی. ڕۆژی پێنجشەممە دوو پیاو لە بازاڕێکی قەرەباڵغی بەغدای پایتەختی عێراق تەقینەوەی خۆکوژییان ئەنجام دا، بەلایەنی کەم 32 کەسیان کوشت و کاربەدەستانی تەندروستیش دەڵێن بەلاینی کەم 110 کەسیش بریندار بوون. ئەمەش یەکەم تەقینەوەی گەورەی لەو جۆرەیە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابوردۆوە لە عێڕاق ڕوویدابێت. کاربەدەستان بە نیشانەی شیانی سەرهەڵدانەوەی داعشی دەزانن.
دوا نوێکردنەوە: 2021-01-21 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا