ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران په‌سه‌ند كرا

دوایین نوێکردنەوە 2019-12-01 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

 به‌غدا-KDP.info- په‌رله‌مانی عێراق ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی په‌سه‌ند كرد. شاره‌زایه‌كی یاسایی باسی رێكاره‌ یاسایی و ده‌ستوورییه‌كانی دوای ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران ده‌كات و ده‌ڵێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كورد یه‌كڕیزه‌، ناتوانن ده‌ستكاریی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی كورد بكه‌ن، بۆیه‌ گرنگه‌ كوردیش پارێزگاری له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی خۆی بكات.

یاساناس و سه‌رۆكی لیژنه‌ی یاساییی خولی پێشووی په‌رله‌مانی عێراق، موحسن سه‌عدوون، به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "به‌پێی ده‌ستووری عێراق پێویسته‌ سه‌رۆكوه‌زیران ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆی پێشكه‌شی سه‌رۆككۆمار بكات، نه‌ك په‌رله‌مان، به‌ڵام كه‌ پێشكه‌شی په‌رله‌مانی كردووه‌، ناتوانن ڕه‌تی بكه‌نه‌وه‌، چونکە مه‌رجعیه‌ت هاتووەته‌ سه‌رخه‌ت و شه‌قامیش داوا ده‌كات و خۆشی سووره‌ له‌سه‌ر ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ و پێویسته‌ قبووڵی بكه‌ن و قبووڵیشیان كرد و پێویسته‌ دوای 15 رۆژ سه‌رۆككۆمار سه‌رۆكوه‌زیرانێكی دیكه‌ دیاری بكات و ئه‌ویش له‌ ماوه‌ی یه‌ك مانگدا حكوومه‌تێكی نوێ دیاری بكات، ئه‌مه‌ رێكاری یاسایی و ده‌ستوورییه‌."

موحسن سه‌عدوون گوتیشی: "دوای پێكهێنانی حكوومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ر تا هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت و حكوومه‌تی ئێستا به‌ته‌واوی ده‌گۆڕێت، بۆیه‌ گۆڕانكاری خێرا ده‌كرێت و پێویسته‌ كورد سوور بێت له‌سه‌ر مافه‌كانی خۆی، چونكه‌ نه‌ته‌وه‌ی دووه‌مه‌ له‌ عێراق، بۆیه‌ پێویسته‌ پارێزگاری له‌سه‌ر مافه‌كانمان بكه‌ین، تاوه‌كو حكوومه‌تی نوێ دێت."

سه‌عدوون باسی له‌وه‌ش كرد: "كورد چاودێریی ده‌ستوور ده‌كات و رێگه‌ نادات كارێك بكرێت دژی مافی كورد بێت، چونكه‌ كورد ئێستا یه‌كڕیزه‌ و له‌ لیژنه‌كه‌ش ئه‌ندامی كورد هه‌یه‌ و بێ كورد ناتوانن هیچ كارێك بكه‌ن."

بڵند ئیبراهیم