دوای تەقینەوەكانی بەغدا ، سوپای عێراق ژمارەیەک تۆمه‌تباری ده‌ستگیرکرد

دوا نوێکردنەوە: 2021-01-22 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

سوپای عێراق دەستگیرکردنی ژمارەیەک تیرۆریستی لە پارێزگاکانی بەغدا، ئەنبار و کەرکووک راگەیاند کە پەیوەندییان بە رێکخراوی تیرۆریستی داعش هەیە.

دەزگای دژە تیرۆری عێراق بڵاویکردەوە، لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، مستەفا کازمی، بەیانی ئەمڕۆ هەینی ئۆپەراسیۆنێکی فراوان لەژێر ناوی "تۆڵەی شەهیدان" دەستی پێکرد.

لە راگەیاندراوەکەی دەزگای دژە تیرۆری عێراق ئاماژە بە دەستگیرکردنی ژمارەیەک تیرۆریست لە ناوچەی باب موعەزەم لە بەغدا و عامرییەی فەلوجە لە پارێزگای ئەنبار و خانووەکانی فەیلەق لە پارێزگای کەرکووک، کراوە.

لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە دەستگیرکراوەکان پەیوەندییان بە رێکخراوی تیرۆریستی داعش هەبووە و زانیاری باشیان لەبارەی سەردەستەکانی شانە تیرۆریستییەکان هەبووە.

لە راگەیاندراوەکەدا مژدەی ئەوە بە گەلانی عێراق دراوە کە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ئۆپەراسیۆنی سەرکەوتووانە لە سەرتاسەری وڵات دژبە پاشماوەکانی داعش ئەنجام دەدەن و ئۆپەراسیۆنەکانیان ئەنجامی باشی دەبێت.

لە راگەیاندراوەکەدا زانیاری لەبارەی ژمارەی تیرۆریستە دەستگیرکراوەکان نەخراوەتەڕوو.

ئەم ئۆپەراسیۆنە دوای ئەو دوو تەقینەوە خۆکوژییە دێت کە رۆژی پێنجشەممە لە گۆڕەپانی تەیەڕان ناوەڕاستی بەغدا ئەنجامدران و بەهۆیانەوە 32 کەس کوژران و110ـی دیکە برینداربوون.

چەند کاتژمێرێک دوای هێرشەکە، رێکخراوی تیرۆریستی داعش بەرپرسیارییەتی خۆی لەو دوو هێرشە خۆکوژییە راگەیاند.