به‌غدا...ئەمریکا 20 ملیۆن دۆلاری بۆ ئاسایشی ناوچەی سەوزله‌ تەرخانکردووە

دوا نوێکردنەوە: 2021-01-23 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا رایگەیاند کە بە ئامانجی پتەوترکردنی ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا، 20ملیۆن دۆلاری تەخارنکردووە.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە کە 20ملیۆن دۆلاری بۆ پاڵپشتیکردن لە ھەوڵەکانی حکوومەتی عێراق بە ئامانجی پتەوترکردنی ئاسایشی ناوچەی سەوز تەرخانکردووە و ھاتووە: "ئەم پاڵپشتییە داراییە بە ئامانجی دانانی ژمارەیەک دەرگای نوێ بۆ چوونە ناوچەی سەوز تەرخانکراوە".

لە راگەیەنراوەکەدا باس لەوەشکراوە کە گەورە بەرپرسی کاروباری بەرگریی لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، جۆن تایکرت، راپۆرتێکی وردی لەبارەی چۆنیەتی پتەوترکردنی ئاسایشی ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا پێشکەش بە فەرماندەی ھێزەکانی پاراستنی ئاسایشی ناوچەی سەوز، لیوا روکن حامد مەھدی زوھێری کردووە.

ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا کە ئاسایشێکی پتەوی ھەیە و زۆربەی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی تێدایە بەتایبەتی باڵیۆزخانەی ئەمریکا، ناو بە ناو رووبەڕووی ھێرشی مووشەکی دەبێتەوە.

پێشتر سوپای عێراق رایگەیاندبوو کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە سێ مووشەک ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کراون کە یەکێک لەو مووشەکانە لە ماڵێکدا لە ناوچەی جیھاد نزیک فڕۆکەخانەکە کەوتووەتەخوارەوە.