هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بارینی بەفرا ڕوو لە ناوچە شاخاوییەکان دەکەن

دوا نوێکردنەوە: 2021-01-24 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

بەشێکی زۆر لە ناوچە کوێستانییەکانی هەرێمی کوردستان و لە نێویشیاندا چیاکانی ئەزمەڕ و گۆیژە لە شاری سلێمانی، تارای سپییان پۆشیوە. لە وەرزی زستانی هەموو ساڵێکدا لە ناوچە کوێستانییەکانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش ناوچە شاخاوییەکان، بڕێکی زۆر لە بەفر دەبارێت. هاوڵاتیان بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش لەگەڵ خێزانەکانیان یان هاوڕێکانیاندا پەیتا پەیتا ڕوو لە ناوچە بەفراوییەکان دەکەن. ئارام جەبار کە هاوڵاتییەکی شاری سلێمانییە و ڕووی لە چیای ئەزمەڕ کردووه، بۆ دەنگی ئەمەریکا دوا و وتی "ئەمە یەکێکە لە کلتوورەکانی سلێمانی و هەموو ساڵێک دووبارە دەبێتەوە. خوێندکاران دێنە دەرەوە. خەڵک دێنە دەرەوە. هەموو ساڵێک دەڵێین ئەزمەڕ و گۆیژە تارای سپییان پۆشیوە."‌ بەشێکی هاوڵاتیان خەریکی یاری شەڕەتۆپەڵ دەبن، هەندێکیان بە درووستکردنی بووکەبەفرینەوە سەرقاڵن و ئەوانی تریش لە ناو سەرماسۆڵەی بەفرەکەدا خەریکی وێنەگرتنن. میوانانی ئەم دیمەنە سرووشتییە جوانەی زستان تەنها خەڵکانی ناوچە کوێستانییەکان نین، بەڵکو لەگەڵ بارینی بەفردا، هاوڵاتیانی باشووری هەرێمی کوردستان و باشووری عێراقیش دەکەونە ڕێ و وەکو گەشتیار سەردان دەکەن. ڕێکار ئیسماعیل کە خەڵکی دەرەوەی شارە و لە سلێمانیدا خوێندکارە، وتی "لە دوای تاقیکردنەوەکانی ئەمڕۆ و لەگەڵ چەند برادەرێکدا پێمان خۆشبوو سەردانێکی ئێرە بکەین. لەبەر ئەوەی ئەمە یەکەم بەفری ئەمساڵە باریوە. ئەمە مایەی دڵخۆشی ئێمەیە و کەشێکی جیاوازە. " ئەو هاوڵاتیانەی بۆ دەنگی ئەمەریکا دوان باسیان لەوە کرد، لەناوەڕاستی کۆمەڵێکی زۆر لە قەیران و کێشە و مەینەتیی ئابووری و سیاسیی و تەندرووستی کە هاوڵاتیان پێیدا تێپەڕدەبن، ئەوان بارینی بەفر بە هەل دەزانن تاکو بەشێک لەو مەینەتییانەیان ببیرچێتەوە و کاتێکی خۆش بەرنە سەر.