بارزان- KDP.info - پڕۆژەی مۆنۆمێنتی جینۆسایدی بارزانییەکان لە قۆناغی کۆتاییدایە و بەڕێوەبەری شەھیدان و ئەنفالکراوانی بارزانیش ئاشکرای کرد، لە لایەن کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتییەوە کاروباری ناوەوەی مۆنۆمێنتەکە تەواو دەکرێت بۆ پێشوازیکردن لەو کەسانەی دەیانەوێ سەردانی مەزاری جینۆسایدی بارزانییەکان دەکەن.
ڕێبوار بارزانی، بەڕێوەبەری شەھید و ئەنفالکراوانی بارزان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ساڵی ٢٠١١ـەوە بەردی بناغەی دروستکردنی مۆنۆمێنتی جینۆسایدی بارزانییەکان دانراوە و دواتر بەھۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە کارکردن لە پڕۆژەکەدا ڕاگیرا، بەڵام خۆشبەختانە لە لایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە دەست بە پڕۆژەکە کراوەتەوە و بە شێوەیەکی سەردەمیانە پڕۆژەکە لە دەڤەری بارزان بنیات دەنێرێت."
بەڕێوەبەری شەھیدانی بارزان گوتی: "بڕیارە ساڵی ٢٠٢٠ کۆتایی بە پڕۆژەی مۆنۆمێنتی بارزانییەکان بێت و دواتر لە لایەن کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی و شارەزاوە کار بۆ دیزاین و کاروباری ناوەوەی مۆنۆمێنتەکە دەکرێت، تا بە شێوەیەک بکرێتەوە کە لەگەڵ ئازار و مەینەتیی خەڵکی ئێمە بگونجێت و دەربڕین بێت لە ئازارەکانی کارەساتی جینۆسایدی بارزانییەکان."
ڕێبوار بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە ھەموو وڵاتێک مۆنۆمێنت پێناسەی شەھیدان و قوربانیانە و ڕۆژانە خەڵکێکی زۆر لە شاندی بیانی و فەرمی و ھاووڵاتیان سەردانی ناوچەی بارزان دەکەن و ھەبوونی پڕۆژەکی وەھا سوودی زۆری دەبێت بۆ ناساندنی کارەساتی جینۆسایدی بارزانییەکان."
ساڵی ١٩٨٣ ڕژێمی ئەوکاتی عێراق ھەڵمەتێکی ڕەشبگیری دژی بارزانییە سڤیلەکان دەست پێ کرد و لە سێ قۆناغدا ھەشت ھەزار ھاووڵاتیی سڤیلی بارزانی جینۆساید کران و لە بیابانەکانی عێراق زیندەبەچاڵ کران.
قائید میرۆ