له‌سه‌ر ڤاكسینى كۆرۆنا، وه‌زاره‌تى تەندروستى هەرێم روونكردنه‌وه‌ ده‌دات

دوا نوێکردنەوە: 2021-01-27 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

وتەبیژى تەندروستى هەرێمى کوردستان رایگەیاند: بەپـێی تەندروستی عێراق لە کۆتایی مانگی ئازاری ئەمساڵ، ڤاکسینی کۆرۆنا بەردەستدەبێت، وتیشى: حاڵەتە مەترسیدارەکان و گیانلەستدانیش بەهۆی کۆرۆناوە بە رێژەیەکی باش کەمیکردووە و ئەوەش بەهۆی چەند هۆکارێکەوە بووە.

ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی فەرمی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگى ئەمریکاى راگەیاندووە، تا ئەم ساتە بە تەواوەتی کات و رۆژی هاتنی ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ عێراق دیارینەکراوە، بەڵام بەپێی ئەو هەماهەنگی و پەیوەندییەی کە لەگەڵ عێراقدا هەیانە، پێیانوتراوە کە لە کۆتاییەکانی مانگی ئازاری ئەمساڵدا ڤاکسینەکە بەردەستدەبێت.

ئاماژەى بەوەشکردووە، وەک دەزانرێت حکومەتی عێراقی بەشێوەیەکی فەرمی گرێبەستی هەیە لەگەڵ کۆمپانیای فایزەر بۆ دابینکردنی ڤاکسین، بەپێی گرێبەستەکە نزیکەی شانزە ملیۆن پێکوتە بەشی عێراقە، لە قۆناغی یەکەم ملیونێک و پێنج سەد هەزار ژەمە ڤاکسین دەگاتە وڵاتەکە.

ئەوەشى خستووەتەڕوو، لەو رێژەیەدا، "بەدڵنیاییەوە پشکی هەرێمی کوردستانی تێدایە ئەوکاتەی کە دەگاتە عێراق، رێژەکەش لەکاتی خۆیدا دیاریدەکرێت، بەڵام پشکی هەرێمی کوردستان پارێزراوە".

باسی لەوەشکردووە، بەپێی ستانداردی جیهانیی، سەرەتا ڤاکسین بەسەر سێ گروپدا دابەشدەکرێت، کە بریتین لە له‌شكری سپی، واتە ئه‌وانه‌ی بەرکەوتنیان به ‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ توشبووانی كۆرۆنادا هه‌یه‌ لە پزیشكان و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی، گروپی دووه‌میش –هێزی ئەمنی ده‌گرێته‌وه‌، گروپی سێیه‌میش به‌ساڵاچووان دەگرێتەوە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کەچینەکانی تر بواری وەرگرتنی ڤاکسینەکەیان نەبێت.

راشیگەیاندووە، "خۆشبەختانە ئێستا رێژەی توشبوون بە کۆرۆنا لە نزمبوونەوەدایە و حاڵەتە مەترسیدارەکان و گیانلەستدانیش بەهۆی کۆرۆناوە بە رێژەیەکی باش کەمیکردووە و ئەوەش بەهۆی چەند هۆکارێکەوە بووە".