بەهۆی هێرشی توركیا بۆ رۆژئاوای كوردستان بواری نووسینی ئەدەبیات کز بووە

دوا نوێکردنەوە: 2019-12-10 00:00:00 - سەرچاوە: باسنیوز

"لەڕێگەی شیعرەوە زوڵمێک لە ڕۆژئاوا کرا بە جیهان دەگەیەنم"

نووسەر و شاعیرێكی رۆژئاوای كوردستان ئاشكرای دەكات بەهۆی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، نووسین و بواری ئەدەبیات لەو پارچەیەی کوردستان ڕووی لە کرزی کردووە.

بەشیرە دەروێش، خانمە نووسەر و شاعیری رۆژئاوای كورستان، بە (باسنیوز) راگەیاند: "رۆژ ئاوای كوردستان لە سەردەمی كونەوە تا ئێستا بەردەوام گرنگی بە بواری نووسین و ئەدەب و هونەر دراوە و چەندین شاعیر و هونەرمەندی بەناوبانگ لە رۆژئاوای كوردستان هەن و ئەوانەی كۆچی دواییان كردووە و ئەوانەش لە ژیاندا ماون لە رۆژئاوا هونەر و ئەدەب گەیشتبووە ئاستێكی بەرز، بەڵام بەداخەوە خەریكە لەناو دەچێت".

گوتیشی: "لە و كاتەی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان دەستی پێكردووە، هەموو بوارەكان وەستان و بەتایبەتی بواری ئەدەبی و هونەری، لە سەرەتای هێرشەكانەوە تا ئێستا یەك شیعرم نەنوسیووە بەهۆی شەڕ و قوربانیدان لەپێناو رۆژئاوا، بۆیە ئێستا بواری ئەدەب لە رۆژئاوای كوردستان لەوپەڕی كزیدایە ".

بەشیرە دەروێش ئەوەشی خستە ڕوو: "بەرهەمێكی چاپكراوی شیعرم هەیە و دوو بەرهەمی ئامادەشم هەیە بڕیار بوو لە هەرێمی كوردستان چاپیان بكەم، بەڵام ئەم هێرشانەی توركیا بوونە رێگر و كۆمەڵێك چیرۆك و پلانم داناوە بۆ كاتی خۆی لەسەر رۆژئاوا و هێرشەكانی توركیا بیاننووسم و بە شیعر ئەو زۆڵمەی لە رۆژئاوا كرراوە بیگەینمە هەموو جیهان ".