بەوێنە.. خۆپیشاندەران بە دیوارێکی مرۆیی پردی کۆماری لە بەغدا دادەخەن

دوا نوێکردنەوە: 2019-12-10 00:00:00 - سەرچاوە: باسنیوز

خۆپیشاندەران بە پردێکی مرۆیی و تەلبەندکردن، پردی کۆماری لە بەغدا، دادەخەن.

ئەمڕۆ سێشەممە 10-12-2019، خۆپیشاندانێکی گەورە و فراوان لە بەغدای پایتەختی عێراق دژی حکوومەتی عێراق و هێزەکانی و نەبوونی خزمەتگوزاری، ئەنجام درا.

سەرپەرشتیارانی خۆپیشاندانەکان بە دانانی تەلبەند و دیوارێکی مرۆیی، پردی کۆمارییان لە بەغدا داخستووە، بۆ ئەوەی رێگریی لە پەڕینەوەی خۆپیشاندەران بۆ ناوچەی سەوز بکەن.

پێشتر چالاکوانان و سەرپەرشتیارانی خۆپیشاندانەکە داوایان لە خۆپیشاندەران کردبوو، کە نەوکنە تەڵەوە بەرەو ناوچەی سەوز نەچن، چونکە میلیشیا و هێزە عێراقییەکان لەوێ بە گوللە وەڵامی داخوازییەکانیان دەدەنەوە و خۆپیشاندەرێکی زۆر دەکوژرێن.

ناوچەی سەوز کەوتووەتە ناوەڕاستی بەغدا و زۆرینەی باڵیۆزخانە و فەرمانگە گرنگەکانی حکوومەتی عێراقی لێیە. ئەو ناوچەیە لە ڕووی ئەمنییەوە بە هەزاران سەرباز دەورە دراوە.

پێشتر، قەیس خەزعەلی، سەرۆکی میلیشیای عەسایب ئەهلی حەق رایگەیاندبوو، کە لە خۆپیشاندانەکەی رۆژی سێشەممە 10-12-2019، خەڵکێکی زۆر دەکوژرێ.

خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 2-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری، دەستیان پێ کرد.

بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 400 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.