هەولێر-KDP.info- بەھۆی ئاڵۆزییەکانی عێراق و ھەڕەشەکردن لە چالاکان و خەڵکی دیاری عێراق، ژمارەیەکی بەرچاویان روویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە و بەرپرسی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردیش دەڵێ، ھەرێمی کوردستان پەناگەیەکی ئارامە بۆ ژیان.
هۆشیار مالوو، سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی کورد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ژمارەیەکی بەرچاوی بەرپرس و چالاکی مەدەنی و خەڵکی سەرمایەداری عێراقی بەھۆی ئاڵۆزییەکانی عێراق و ئەو ھەڕەشانەی لێیان دەکرێت روویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە و لە کوردستان نیشتەجێ بوونە، چونکە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق ھەڕەشەیان لەسەرە و ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوان شوێنێکی ئارامە."
ئەو بەرپرسەی مافی مرۆڤی کورد گوتیشی: "بەشێکی دیکەی چالاکانی عێراق روویان لە وڵاتانی جیھان کردووە و دەڵێن لەلایەن گرووپە جیاوازەکانەوە ھەڕەشەی کوشتنیان لەسەرە و ناتوانن لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق بەردەوامی بە ژیان بدەن، ھەتا خەڵکێکی زۆر ناسراوی عێراقیشیان تێدایە و ئێستا لە کوردستان خانوویان کڕیوە و دەستیان بە ژیانێکی نوێ کردووتەوە."
هۆشیار مالوو ئاشکرای کرد: "ھەرێمی کوردستان بۆ خەڵکی عێراق و دەوروبەری پەناگەیەکی ئارام بووە، چونکە لێرە کەس ھەڕەشەیان لێ ناکات و ترسیان لەسەر نییە و دەتوانن بە ئازادی بژین، بەپێچەوانەوە لە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق، بەتایبەتی دوای دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکانی ساڵی رابردوو، بەردەوام خەڵک دەکوژرێت و ھەڕەشەیان لێ دەکرێت."
قائید میرۆ