شێخ جه‌عفه‌ر: له‌ خانه‌قین داعش دووهه‌زار چه‌كداری هه‌یه‌

دوایین نوێکردنەوە 2020-02-08 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

 خانه‌قین-KDP.info - به‌رپرسێكی باڵای پارتی له‌ قه‌زای خانه‌قین ده‌ڵێ، به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر مه‌ترسیدار چه‌كدارانی گرووپی تیرۆریستیی داعش له‌ فراوانبووندان، هێزه‌ عێراقییه‌كان شه‌و کە داهات هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكیان له ‌ده‌ست ده‌ده‌ن، چه‌كدارانی داعش بازگه‌ داده‌نێن و هاووڵاتیی سڤیل ده‌ڕفێنن و ده‌یانكوژن، حه‌شدی شەعبیی سوننەش هاوكاریانن.

شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، به‌رپرسی لقی 15ی خانه‌قینی پارتی، به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "به‌ شێوه‌یه‌كی مه‌ترسیدار چه‌كدارانی داعش له‌ خانه‌قین و ده‌وروبه‌ری له‌ فراوانبووندان به‌پێی زانیارییه‌كان ئێستا تیرۆریستانی داعش دووهه‌زار چه‌كداریان هه‌یه‌، به‌رده‌وامیش له‌ خۆڕێكخستنه‌وه‌دان".

شێخ جەعفه‌ر گوتیشی: "له‌ سێ میحوه‌ر داعش هه‌یه‌ و به‌ ئازادی هاتوچۆ ده‌كه‌ن، له‌ حه‌وزه‌ی حه‌مرین و به‌رامبه‌ر چیاكانی به‌رانبه‌ری نه‌فتخانه‌ و له‌ قه‌ره‌ته‌په‌ و جه‌باره‌ تاوه‌كو قه‌زای كفری هەن و هاووڵاتیان به‌رده‌وام مه‌ترسییان هه‌یه‌، چونكه‌ له‌ هه‌موو ناوچه‌یه‌كی سنووره‌كه‌ چه‌كدارانی داعش هه‌ن و بازگه ‌داده‌نێن و هاووڵاتیی سڤیل ده‌ڕفێنن و ده‌یانكوژن، به‌ شه‌ویشدا ده‌ده‌ن به‌سه‌ر گونده‌كاندا، پاش 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 تا ئێستا 35 گوندی كورد چۆڵ كراونن".

'له‌گه‌ڵ بانگی ئێواره‌ هێزی عێراقی هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی نامێنێت له‌ هیچ گوند و گه‌ڕه‌ك و ڕێگاوبانێک، تیرۆریستانی داعش ده‌بنه‌ ده‌سه‌ڵات و وه‌ك دێوزمه‌ به‌رده‌بنه‌ هاووڵاتیانی سڤیل، له‌ ناوچه‌كه‌ دوو جۆر داعش هه‌یه،‌ ئه‌و داعشه‌ی پێی ده‌ڵێن، چه‌كدارانی پاشماوه‌، کە دوو هه‌زار چه‌كدار ده‌بن، هێزێكیش هه‌یه‌ به‌ ناوی حه‌شدی شه‌عبی له‌ عه‌شیره‌تی كەرەوییه‌كانن، هاوكارێكی باشی داعشن و ئه‌و ناوچانه‌ی داعش ده‌سه‌ڵاتی ناگاتێ ئه‌وه‌ ئه‌م هێزه‌ بۆیان جێبه‌جێ ده‌كات، له‌ سه‌ردەمی ڕژێمی سه‌ددام حوسێن سه‌ر به‌و ڕژێمه‌ بوون و دوای ڕووخانی حكوومه‌تی سەددام له‌ ساڵی 2003 بوون به‌ هاوكاری تیرۆریستانی قاعیده‌، ئێستاش به‌ شه‌و داعشن و به‌ ڕۆژ حه‌شدی شه‌عبین." به‌رپرسی لقی 15ی خانه‌قینی پارتی وای گوت.

شێخ جەعفه‌ر زانیاریی زیاتری دا و گوتی: "له‌ ناوچه‌ی نه‌فتخانه‌ سیلسیله‌یه‌ك هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ئێران هاوسنووره،‌ ئه‌شكه‌وتی زۆری تێدایه‌ و داعشه‌كان كردوویانن به‌ مۆڵگه‌ی خۆیان، ماتۆڕیان پێییه‌، کە بۆ كرده‌ تیرۆریستییه‌كانیان به‌كاریان ده‌هێنن".

له‌ پاش كشانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017 و داگیركردنی ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان له ‌لایه‌ن هێزه‌ عێرقییه‌كان و میلشیاكانەوە، له‌ ناوچه‌كه‌ بۆشاییی ئه‌منی پەیدا بوو، چه‌كدارانی پاشماوه‌كانی داعش كردیانه‌ مۆڵگه‌ی خۆیان و ئێستا بوونه‌ته‌ مه‌ترسی به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌وه‌.

عه‌زیز ڕه‌سوووڵ