پێویستە رەشبگیری و زیندانیکردنی ئازادیخوازان و کەسوکاریان کۆتایی بێت

دوایین نوێکردنەوە 2021-02-08 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

هاوپه‌یمانی هیوای كوردستانی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق راگه‌یه‌ندراوێكی له‌باره‌ی ده‌ستگیركردنی ژماره‌یه‌ك له‌ كه‌سوكاری زیندانیكراوان له‌ شاری هه‌ولێر بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، "پێویسته‌ ره‌شبگیری و زیندانیكردنی ئازادیخوازان و كه‌سوكاریان كۆتایی بێت".

هاوپه‌یمانی هیوای كوردستانی له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا له‌ په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ له‌ شاری هه‌ولێر "كه‌سوكاری به‌ناحه‌ق ده‌ستگیركراوان"ی چالاكوانان و رۆژنامه‌نوسان و مامۆستایانی بادینان و هه‌ولێر، به‌مه‌به‌ستی گه‌یاندنی په‌یامی ناره‌زایی به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان گردبونه‌وه‌، به‌ڵام له‌بری رێزگرتن له‌ مافه‌ ده‌ستوری و یاساییه‌كانیان بۆ ده‌ربرینی ناڕه‌زایی، به‌به‌رچاوی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی هه‌ولێره‌وه‌ ده‌ستگیركران، كه‌ ئه‌مه‌ش ئه‌وپه‌ری ئیهانه‌كردن بو به‌ یاسا و بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ.

هاوپه‌یمانی هیوای كوردستانی راشیگه‌یاندوه‌، "پێویسته‌ ئه‌و ره‌شبگیری و راوه‌دونانه‌ دژی ئازادیخوازان و چالاكوانان و رۆژنامه‌نوسان له‌ كوردستان رابگیرێت" و ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان له‌ بری په‌نابردن بۆ به‌كارهێنانی هێز و تۆقاندن و زیندانیكردن، رێز له‌ سه‌روه‌ریی یاسا بگرێت و سه‌رجه‌م ده‌ستگیركراوان ئازاد بكات.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، هه‌رێمی كوردستان و كیانه‌ ده‌ستوریه‌كه‌ی به‌رهه‌می ره‌نج و تێكۆشانی ده‌یان هه‌زار شه‌هیده‌ تا ببێته‌ كیانێكی دیموكراتی و ده‌ستوری كه‌ تیایدا هاوڵاتیان به‌ ئازادی رای خۆیان ده‌رببرن و ره‌خنه‌بگرن له‌ هه‌ر سیاسه‌ت و بڕیارێك كه‌ به‌دڵیان نییه‌، نه‌ك هه‌رێم بكرێته‌ "زیندانێك و ئازادیی راده‌ربرین پایه‌ماڵ بكرێت".


هه‌ر له‌راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاوپه‌یمانی هیوای كوردستانی باسی له‌وه‌كردوه‌، به‌رده‌وام ده‌بن له‌ گه‌یاندنی په‌یامی كه‌سوكاری ده‌ستگیكراوانی بادینان به‌ ناوه‌نده‌كانی بڕیار له‌ عێراق و له‌ جیهان و "فشاره‌كانمان به‌رده‌وام ئه‌بێت تا ئازادكردنی ته‌واوی ده‌ستگیركراوانی بادینان و هه‌ولێر".