ده‌ستگیركراوانى به‌رده‌م باره‌گاى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ هه‌ولێر ئازاد كران

دوایین نوێکردنەوە 2021-02-08 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

دواى ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ له‌ به‌رده‌م باره‌گاى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ هه‌ولێر ده‌ستگیر كران، كه‌سوكارى گیراوانى خۆپیشاندانه‌كانى بادینان ئازاد كران، كه‌سوكارى یه‌كێك له‌ ده‌ستگیر كراوان ده‌ڵێت: لێیان دراوه‌و ئیهانه‌ كراون.

ئەیهان سەعید، چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی و كه‌سوكارى یه‌كێك له‌ ده‌ستگیر كراوان به‌ دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌ى راگه‌یاند، نزیكه‌ى په‌نجا كه‌س بوون ده‌ستگیر كران، براون بۆ بنكه‌یه‌كى پۆلیس، لێیان دراوه‌و ئیهانه‌ كراون، له‌لایه‌ن پۆلیس و ئاسایش و پاراستنه‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ كراوه‌.

وتیشى، سێ به‌ڵێننامه‌ به‌ ده‌ستگیر كراوان پڕ كراوه‌ته‌وه‌، كه‌ نابێت خۆپیشاندان بكه‌ن و باسى ده‌ستگیر كراوانى خۆشیان بكه‌ن.

ئەیهان سەعید ئه‌وه‌شى وت، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌ ئه‌نقه‌ست به‌ شه‌و ئه‌و ده‌ستگیراوانه‌یان ئازاد كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كۆنگره‌ى رۆژنامه‌وانى ئه‌نجام نه‌ده‌ن و میدیاكانیش رووماڵی بكه‌ن.

به‌ ئامانجى ئه‌نجامدانى گردبوونه‌وه، ‌ژماره‌یه‌ك له‌ كه‌سوكارى گیراوانى خۆپیشاندانه‌كانى بادینان هاتنه‌ به‌رده‌م باره‌گاى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌شارى هه‌ولێر، به‌ڵام له‌لایه‌ن هێزێكى زۆرى ئاسایشى هه‌ولێره‌وه‌ ڕێگریان لێكراو هێرش كرایه‌ سه‌ریان، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كیان زۆریان لێ ده‌ستگیركراون.