بەوێنە.. لە گەرمیان دانانی پێوەری زیرەكی كارەبا بۆ ماڵان دەستی پێکرد

دوا نوێکردنەوە: 2019-12-10 00:00:00 - سەرچاوە: باسنیوز

"كێشەی كارەبا بە ڕێژەی 80% كەم دەكاتەوە"

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە پرۆژەی بەستنی پێوەری زیرەكی كارەبا لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، چووە بواری جێبەجێكردنەوە و بەڕێوەبەری كارەبای گەرمیانیش ڕای دەگەیەنێت بەستنی پێوەری زیرەكی كارەبا، كێشەكانی كارەبا بە ڕێژەی 80% كەم دەكاتەوە.

لەمبارەوە ئەندازیار حازم كەریم، بەڕێوەبەری كارەبای گەرمیان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "پاش ئەوەی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاری دا بەدانانی پێوەری زیرەك بۆ سەرجەم هاوبەشانی كارەبا، لە هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ 10/12/2019 لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، پرۆژەكە چووە بواری جێبەجێكردنەوە و لە شاری كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، دەست كرا بە بەستنی پێوەری زیرەك بۆ ماڵان و دواتریش بۆ سەرجەم قەزا و شارەدێكانی سنوورەكە دەبەسترێت".

گوتیشی: "جێبەجێكردنی پرۆژەی پێوەری زیرەك بۆ كارەبا بە بەشێك لە چارەسەركردنی گرفتەكانی بەردەم سێكتەری كارەبا دادەنرێت و دانانی پێوەر بۆ هاوبەشانی كارەبا بە ڕێژەی 80% كێشەی كارەبا چارەسەر دەكات، چونكە زیادەڕۆیی سەر كارەبا ناهێڵێت".

ئاماژەی بەوەش دا: "سەرجەم ئەو جێگایانە ئاگادار دەكەینەوە كە تا ئێستا هاوبەشی كارەبایان نییە، دوا مۆڵەت بۆ بەستنی پێوەری كارەبا ڕۆژی 1/1/2020 ەو بە پێچەوانەوە لە دوای ئەو وادەیەوە پێوەری زیرەكیان بۆ نابەسترێت و ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەكرێنەوە".