بانكێكی ئەمەریكی قەرز بە خەڵكی كوردستان دەدات

دوا نوێکردنەوە: 2019-12-10 00:00:00 - سەرچاوە: باسنیوز

 

بانكێكی ئەمەریكا بە چەند مەرجێك قەرز بەو كەسانە دەدات، كە كاری بازرگانانی لە هەرێمی كوردستان دەكەن و كاڵا و كەلوپەلی ئەمەریكی دەهێنن. بەرپرسێكیش ئاشكرای دەكات، ئەو بابەتە بۆ بازرگانی و ئابووریی هەردوولا گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە.


گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی كوردستان بە (باس)ی راگەیاند، بانكێكی ئەمەریكی قەرزی درێژخایەن بە بازرگانانی هەرێمی كوردستان دەدا، گوتی: "بانكی ناردن و هاوردەی ئەمەریكی، بەپێی كۆمەڵێك رێنمایی بڕیاری دا، قەرزی درێژخایەن بە بازرگانانی هەرێمی كوردستان بدات".


روونيشی كردەوە مەرجی سەرەكی ئەوەیە، ئەو بازرگان و كۆمپانیایانەی كاڵا و كەلوپەل لە ئەمەریكا دەكڕن، قەرزەكە دەیانگرێتەوە، گوتیشی: "قەرزەكە بە گشتی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان بڕی 5 ملیار دۆلارە و وەزارەتی دارایی عێراقیش رێكکەوتنی لەگەڵ ئەو بانكە كردووە".


قەرزەكە بواری بازرگانی و پیشەسازی دەگرێتەوە و بڕی پارەكەش بەپێی گرێبەستی ئیمزاكراو لەگەڵ كۆمپانیا ئەمەریكییەكان دەبێت.


جەختيشی كردەوە، هەر بازرگان و خاوەن كۆمپانیایەكی هاوردە مەرجەكانی تێدابێت، دەتوانێت سوودمەند بێت لە قەرزەكە، كە بڕێكی باشە و گەڕاندنەوەكەشی درێژخایەنە، گوتیشی: "ئەو قەرزە تەنیا بۆ ئەندامی ژوورە بازرگانییەكان، یان یەكێتیی هاوردە و هەناردە نییە، بەڵكوو بۆ هەموو بازرگان و خاوەنكارێكە".


گەیلان حاجی سەعید، ئاشكراشی كرد، یەكەمین جارە بانكێكی ئەمەریكی قەرز بداتە بازرگانانی كوردستان، دەشڵێت: "كارەكە بە گرنگ و باش دەزانین و هاوكارییەكی باشە بۆ هەرێمی كوردستان، چونكە دەتواندرێت بۆ پڕۆژە بنەڕەتییەكان سوود لەو قەرزە وەربگیرێت".


مەرجی بانكەكە ئەوەیە، كە دەبێت بازرگانەكە كاڵا و كەلوپەلەكان لە كۆمپانیای ئەمەریكی بكڕێت و گرێبەستی هەبێت.


لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا، شاندێكی باڵای بازرگانانان و وەبەرهێنەرانی ئەمەریكی سەردانی هەولێریان كرد و جەختیان لەوە كردەوە، كە دەیانەوێت هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكەن.


بەرپرسەكەی هاوردە و هەناردە گوتیشی: "كاڵا و كەلوپەلی ئەمەریكی كوالێتییان باشە، بۆیە قەرزەكە شتێكی باشە و هێنانی كاڵای ئەمەریكيیش باشە بۆ كوردستان".


پێشووتر بەیان سامی عەبدولرەحمان، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمەریكا بە (باس)ی راگەیاندبوو: "ئەمەریكا بەرژەوەندیی ستراتیژیی لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە، هەرێمی كوردستان شوێنێكە بۆ بازرگانی و وەبەرهێنانی ئەمەریكی، بۆ ئەوەی دەستی بگات بە بازاڕەكانی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".