دیجیتاڵ میدیاى سپێده
ئەمریکا داوا لە حووسییەکان دەکات پەلامارەکانیان لە یەمەن و هێرشەکانیان بۆسەر سعوودیە رابگرن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن هەوڵ بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و پێکدادانەکانی یەمەن دەدات و سعوودیە-ش ئامادەیە دانوستان بکات.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەکراوە کە بەردەوامی پەلاماری حووسییەکان جێگەی نیگەرانییە و داوا لە حووسییەکان کراوە تەواوی پێکدادانەکان لە یەمەن و هێرشەکانیان بۆسەر هاووڵاتییانی مەدەنی سعوودیە بوەستێنن.
لە ساڵی ٢٠١٤دا حووسییەکان دەستیان بەسەر سەنعا-ی پایتەختی یەمەن و چەند ناوچەیەکی دیکەی ئەو وڵاتەدا گرت، دواتر سعوودیە لە ئاداری ٢٠١٥دا ئۆپەراسیۆنی بۆسەر حووسییەکان دەستپێکرد و لەو کاتەوە گرژی و ئاڵۆزی یەمەن-ی گرتووەتەوە.
لە ماوەی حەوت ساڵی شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتەدا، هەزاران کەس کوژراون و یەمەن بووەتە یەکێک لە هەژارترین وڵاتانی جیهان کە گەورەترین قەیرانی مرۆییان تیادایە.