شابەندەر باسی خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات

دوا نوێکردنەوە: 2019-12-10 00:00:00 - سەرچاوە: باسنیوز


ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە عیزەت شابەندەر كەسایەتیی سیاسیی سەربەخۆی عێراق لەبارەی دەنگۆی خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی كاتیی عێراق رایگەیاند كە هیچ لایەنێك ئەوی كاندید نەكردووە و داوای وەرگرتنی ئەم پۆستەی لێ نەكراوە.


شابەندەر بەیاننامەیەكی بڵاوكردووەتەوە و تیایدا رەتی كردووەتەوە خۆی كاندید كردبێت یان هیچ لایەنێك كاندیدی كردبێت بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆك وەزیرانی حكومەتی كاتیی عێراق.

 

سیاسەتمەدارە عێراقیەكە لە بەیاننامەكەیدا دەڵێ "لەم ساتە هەستیارەدا كە هاووڵاتیانی هەژار و بێبەش لە دژی گەندەڵی و گەندەڵكاراندا ڕاپەڕیون، ناشێ من ببمە كاندیدی لایەنەكانی دەسەڵات دابەش دەكەن بۆ وەرگرتنی ئەم پۆستە، خۆم ناخەمە بەرداشی كاندیدەكانەوە".


شابەندەر دەڵێ ڕۆڵ و خەباتی ئەو بۆ بنیاتنانی عێراق و داهاتووی گەلەكەی بووە و هیچ ڕۆژێكیش لەم خەباتە نەوەستاوە، هیچ كاتێكیش هەوڵی بەدەستهێنانی پۆست و بەرپرسیارییەتی نەداوە.


ئەمەش لە كاتێكدایە كە ئەمڕۆ میدیاكانی عێراق باسیان لەوە كرد كە شابەندەر كاندیدی سەرۆك وەزیرانی كاتیی عێراقە و لایەنە سیاسییەكان لەسەری ڕێككەوتوون.


جێی باسە پێویستە لە ماوەی پێنج ڕۆژی داهاتوودا كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی كاتی پێشكەشی پەرلەمانی عێراق بكرێت.