حوسییەکان هێرشیانكرده‌ سه‌ر فڕۆکەخانەیەکی سعوودیە

دوایین نوێکردنەوە 2021-02-10 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

هاوپەیمانی عەرەبی بە رابەرایەتی سعوودیە، هێرشێکی حوسییەکانی بۆسەر فڕۆکەخانەی ئابها لە باشووری رۆژئاوای سعوودیە راگەیاند.

بەگوێرەی هەواڵێکی کەناڵی ئیخبارییەی سعوودیە، هاوپەیمانی عەرەبی لە راگەیاندراوێکدا پەلامارەکەی حوسییەکانی بە "پەلامارێکی تیرۆریستی و ترسنۆکانە" وەسف کردوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو کە لە ئەنجامی پەلامارەکەدا فڕۆکەیەکی مەدەنی ئاگری گرتوە و دواتر ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کراوە.

لە راگەیاندراوەکەدا جەخت لەوەش کراوەتەوە کە هەموو رێوشوێنێک بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی مەدەنی گیراوەتەبەر و تیرۆریستانیش بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان بە سزای خۆیان دەگەیەندرێن.

تا ئێستاش هیچ زانیارییەک نەخراوەتەڕوو لەبارەی ئەوەی رووداوەکە زیانی گیانی لێکەوتوەتەوە یان نا.

لە ئاداری ٢٠١٥دا هاوپەیمانیی عەرەبی بە رابەرایەتی سعوودیە، هێرشی بۆسەر حووسییەکان دەستپێکرد و لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە هەزاران هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون و ژێرخانی ئەو وڵاتەش بەتەواوی خاپوور بووە.